بەروبوومى کشتوکاڵى لە وەرزى سەرمادا تەزیوە
سەرمایەک بەڕێوەیە دەیتەزێنێت
ئەو جوتیارانەى سەوزەیان لەژێر خانووى پلاستیکى چاندووە ئاگاداربن
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کشتوکاڵى گەرمیان ئاگادارى جوتیاران دەکاتەوە، ئەوانەى سەوزەیان لە ژێر خانوى پلاستیکی چاندووە، دایپۆشن، چونکە وەک دەڵێت، دووبەیانى سەرمایەک بەڕێوەیە، ئەگەر دانەپۆشرابێت زیانى پێدەگەیەنێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە بڵاوى کردەوە، بەپێی پیشبینی کەشناسی رۆژی 20.2.2025، شەپۆلێکی سەرما روو لە ناوچەکەیان دەکات، بۆیە جوتیاران ئاگاداردەکەنەوە، بە تایبەت ئەوانەی سەوزەیان لە ژێر خانووى پلاستیکیدا چاندووە، رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بەروبوومەکانیان بگرنەبەر .
وەک باسى دەکات، پلەی گەرمی نزم رێژەی پرۆسەی گرنگ لە رووەکەکەدا کەمدەکاتەوە، وەک هەناسەدان، ئەمەش کاریگەری لەسەر گەشەکردن دەبێت، بۆیە زۆربەی رووەکەکان لە پلەی گەرمیی نزمدا گەشەکردنیان رادەگرن، هەروەها کاتێک ئاوی ناو رووەکەکە دەیبەستێت و دواتر کە پلەی گەرمی هەوا بەرز دەبێتەوە، گەڵاکانی رووەکەکە کاڵ دەبن تا رووەکەکە دەمرێت.
کشتوکاڵى گەرمیان رێنمایى جوتیاران دەکات، یەکێک لە باشترین رێگاکان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی بەستەڵەک، ئاودێریکردنە، باشتر وایە ئاو لە بیرەکانەوە وەربگیرێت، چونکە پلەی گەرمییەکەی زۆر گەرمترە لە ئاوی ناو رووەکەکە.
سووتاندنیش هەیە، کە بریتییە لە ئاگردان لە دەوربەری کێلگەکان بۆ بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی شوێنەکە، بە سووتاندنی هەندیک داری وشککراو یان پیتی ئاژەڵ بە درێژایی شەو.