دوای نزیکەی چوار مانگ

دواجار لە هەولێر کارمەندانی سەر سندوقی هەڵبژاردنی پەرلەمان گیرفانیان گەرم بووەوە

964+

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

دوای نزیکەی چوار مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دواجار ئەمڕۆ لە هەولێر کارمەندانی سەر سندوق، حەقدەستەکانیان وەدەگرن و گیرفانیان گەرم دەبێتەوە، لە سلێمانیش بڕیار وایە ئەم هەفتەیە پارەکە دابەش بکرێت.

ئارەزو جەمال بەڕێوبەری بانکی بنەسڵاوە بە 964ـی وت، “پارەی کارمەندانی سەر سندوقی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گەیشتووە و هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 16.2.2025 دەستمان بە دابەشکردنی کردووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، کارمەندانی چوار بنکە دەتوانن لە بانکی بنەسڵاوە پارەکانیان وەربگرن، کارمەندانی بنکەکانیتریش دەتوانن لەو بانکانەی کە بۆیان دیاریکراوە، پارەکە وەربگرن.

هاوکات ئامانج عەزیز بەرێوەبەری لقی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە 964ـی وت، “نزیکەی دوو ملیار و 970 ملیۆن دینار وەک پارەی کارمەندانی سەر سندوقی دەنگدان خراوەتە سەر ژمارە حیسابی بانکیمان، نووسراومان ئاڕاستەی ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە بەغدا کردووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر دابەشکردنی بدات و پێدەچێت لەم هەفتەیدا خشتەی دابەشکردنی پارەکە بڵاو بکەینەوە”.

وتیشی، دەسەڵاتی دابەشکردنی 100 ملیۆن دیناریان لە رۆژێکدا پێدراوە و دوای ئاشکراکردنی خشتەکە، لە 18 بانکی سنوری سلێمانی دەست بە دابەشکردنی پارەکە دەکرێت.

رۆژی 20.10.2024 دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و نزیکەی 41 هەزار کارمەند لەسەر سندوقەکانی دەنگدان ئامادەبوون و پڕۆسەکەیان بەڕێوەبرد.

ئەو کارمەندانەی لەسەر سندوقەکانی دەنگدان بوون، ئەوانەی فەرمانبەری حكومەت بوون،  150 هەزار دینار و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان 250 هەزار و یەدەگەکانیش 100 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

پارەی کارمەندانی سەر سندوقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەر...

پارەی کارمەندانی سەر سندوقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان گەیشتە هەرێم

حەقدەستی کارمەندانی سەر سندوقی هەڵبژاردن خەریکە بە دە...

حەقدەستی کارمەندانی سەر سندوقی هەڵبژاردن خەریکە بە دەردی موچە دەگات