شەقامێک لە کاتی بارانبارین _ وێنە: 964
پێشتریش دوو ساڵ وشکەساڵی بینیوە
پێنجوێن پێویستی بە 650 ملم بارانە بۆ دەربازبوون لە وشکەساڵی
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
بەرەو کۆتاییەکانی چلەی زستان دەڕۆین و هێشتا مەترسی وشکەساڵی لە پێنجوێن نەڕەویوەتەوە، تا ئەمڕۆ هەینی 14.2.2025 تەنیا 346.8 ملم باران لەو ناوچەیە باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تا ئەم کاتە، 716 ملم باران باریبوو.
بەهادین حەسەن لێپرسراوی کەشناسی پێنجوێن بە 964ـی وت، “لە ماوەی رابردوودا و لە ساڵانی 2008 و 2009، پێنجوێن دووجار کەمبارانی بەخۆیەوە بینیوە، ساڵی 2008 تەنها 530 ملم باران باریبوو، بەڵام 140 سانتیم بەفر هەبوو، ساڵی 2009ـش 657 ملم باران لەگەڵ 40 سانتیم بەفر باریوە، هەردوو ساڵەکەش وشکەساڵی بوو”.
” ساڵانە ئەگەر مەترێک بەفر لە پێنجوێن ببارێ، پێویستمان بە 750 ملم بارانیش دەبێت بۆ دەربازبوون لە وشکەساڵی، ئەگەرنا دەبێ زیاتر لە هەزار ملم باران ببارێ، ئەمساڵیش تائێستا تەنیا 20 سانتیم بەفر و 346.8 ملم باران باریوە”، بەهادین حەسەن وای وت.
باسی لەوەشکرد، هێشتا کات ماوە و ئەگەر باران ببارێت ئەوا لە وشکەساڵی دەردەچن، هەروەک چۆن ساڵی رابردوو، تەنها لە شەو و رۆژێکدا 137 ملم باران باری، ئەوەش رێژەیەکی خەیاڵی و بەرز بووە.
پێنجوێن ناوچەیەکی کشتوکاڵییە و ساڵانە جوتیاران پشت بە باراناو و ئاوی چەم و رووبارەکان دەبەستن بۆ ئاودانی زەوەییەکانیان.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری