ئاوازەکەی کێ دایناوە؟

نامدار قەرەداغی یادەوەری گۆرانی شەوی بەرات دەگێڕێتەوە

964+
دیلان محەمەد جەزا

“ئەمشەو شەی بەراتە، شەوی خۆشی و خەڵاتە، وا منداڵان دەگەڕێن، دەست بە دەرگاوە دەنێن”، ئەو گۆرانییەی کە مێژووەکەی بۆ ساڵانی 70 کان دەگەڕێتەوە، بەڵام هێشتا بۆنی سلێمانی و شیرینی پێش رەمەزان و جەژنی لێ دێت.

گۆرانییەک گەرچی کۆنە، بەڵام ساڵانە منداڵان و خەڵک بۆی دەگەڕێنەوە و گوێبیستی دەبن.

گۆرانی ئەمشەو شەوی بەراتە، لەلایەن هونەرمەندی کۆچکردوو عوسمان عەلی وتراوە، موزسیان نامدار قەرەداغی کە تەمەنێک لەگەڵ هونەرمەندی کۆچکردوو ژیاوە و بەشداری تۆمارکردنی گۆرانییەکەی کردووە، یادەوەری خۆی لەگەڵ گۆرانییەکە باس دەکات.

نامدار قەرەداغی موزسیان، کە بەشداری لە بەهەرمێکی 964 کردووە دەڵێت، لە ساڵی 1971 لەگەڵ هونەرمەندی کۆچکردو عوسمان عەلی گۆرانی ئەمشەو شەوی بەراتەیان لە بەغدا تۆمارکردووە، ئەوەش بەهۆکاری ئەوەی لەو ساڵانەدا ستۆدیۆی پێشکەوتوو لە سلێمانی نەبووە.

قەرەداغی باسی لەوە دەکات، هەڵبەستەکەی لەلایەن مەدهۆشەوە نوسراوە و ئاوازەکەی نازانرێت عوسمان عەلی دایناوە یاخود وەریگرتووە، یادەوەرییەکی خۆی باسدەکات، کە ئەگەری هەیە ئاوازەکە لە رادیۆی کرماشان، هومەرند عوسمان عەلی وەریگرتبێ.

وە نامدار قەرەداغئ خۆی، موزیک و دابەشکردنی بۆ کردووە، دوای تۆمارکردنی گۆرانییەکە، دواتر لە ستۆدیۆی تەلەفزیۆنی بەغداد کلیپیان بۆ کردووە و لە ساڵانی 90 کاندا جارێکی دیکە کلیپی بۆ کراوەتەوە و دواتر چەندین هونەرمەند دەستکاری ئاوازەکەیان کردووە و نوێیان کردووەتەوە.

لەبارەی پەیامی پشت گۆرانییەکە، قەرەداغی سەرەڕای ئەوەی داوای ئەوە دەکات، ئەم بەرهەمان کە بۆ کلتور و نەریتی کوردی، لە نێویاندا بەرات وتراوە بپارێزرێ، پێشی وایە هەر بەرات بۆخۆی کۆکردنەوەی و یەکخستنی خێزانەکان، بۆیە بە پیرۆز ناوی دەبات.

هونەرمەندی ناسراوی کورد، عوسمان عەلی، ساڵی 1944 لە گەڕەکی مەڵکەندی شاری سلێمانی لەدایکبووە، تاوەکو پۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندووە، ساڵی 1963 بەهۆی بارودۆخی سیاسی کوردستانەوە چووەتە ریزی شۆڕشەوەو بووە بە پێشمەرگە.

سەرەتای کاری هونەریی لە ساڵی 1965ەوە دەستپێکردووە و لە ساڵی 1969 بووە بە ئەندام لە کۆمەڵەی هونەرو وێژەی کوردی بەشی موزیک و گۆرانی، کە دواتر وەک یەکێک لە گۆرانیبێژە کاراکان رۆڵی خۆی دیوە لەو بوارەدا، ساڵی 1967 خێزانی پێکهێناوەو سێ کچ و کوڕێکی هەیە، لە شەوی 21/22 ی حوزەیرانی ساڵی 2005 دا و لە کاتی چڕینی مەقام، گیانی بەخشی.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

گەورە و بچوک بەرات دەکەن

گەورە و بچوک بەرات دەکەن