لە گەرمیان
لەسەر کوشتنی رێوی دوو کەس دەستگیرکران
964+
ژێوار خدر
دوو کەس لە ناحیەی پێبازی گەرمیان، رێوییەکیان کوشت، جگە لەوەی خۆیان دەستگیرکران، چەک و ئۆتۆمبێلەکەشییان لەسەردانا.
ھاشم عەلی، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان بە 964ـی وت، لە گوندی کەڵەشێرەی سەر بە ناحیەی پێباز مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێباز، دوو سەرپێچیکارییان دەستگیر کردووە، کە رێوییەکیان کوشتووە.
وتیشی، دوو سەرپێچیکارەکە لە کاتی دەستگیرکردنەکەیاندا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان پاترۆڵ، چەکێک و لایتێکی دەستییان پێبووە، ئەوانەش دەستیان بەسەردا گیراوە.
روونیشیکردەوە، سەرپێچیکارەکان راوەنەی دادگای لێکۆڵینەوەی کەلار کران و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە بەمەبەستی لێپرسرینەوەی یاسایی.