کێڵگەیەکەی بەرهەهێنانی نەوت _ وێنە: INA
باڵیۆز: باشترین پەیوەندیمان هەیە
وەبەرهێنانی روسیا لە نەوت و غازی عێراق 20 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە
964+
ئەحمەد مستەفا
بروس کوتراشێڤ، باڵیۆزی روسیا لە عێراق بەروونی ئاشکرای دەکات، وەبەرهێنانەکانی روسیا لە کەرتی نەوت و گاز لە عێراق 20 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، دەشڵێ، پەیوەندیمان لەگەڵ عێراق، بە باشترین قۆناغی خۆیدا تێدەپەڕێ.
پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و مۆسکۆ کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 80 ساڵ لەمەوبەر، هێشتا لەسەر هەموو ئاستەکان بەهێز و جیاواز لەلایەبن باڵیۆزی روسیا دەبینرێ، باڵیۆز بە میدیای RTی وتووە، هاوکاری نێوان هەردوو وڵات چەندین بوار لەخۆدەگرێت، لەوانە وزە، پەروەردە و رۆشنبیری.
سەبارەت بە هاوکارییەکانی کەرتی وزە، کۆتراشێڤ ئاماژەی بەوەکردووە، “وەبەرهێنانەکانی روسیا لە کەرتی نەوت و غازی عێراقدا نزیکەی 20 ملیار دۆلارە، و رەنگە زیاتریش بێت” و جەختیشی لەوە کردەوەتەوە، “روسیا پێشەنگی وەبەرهێنانە نەوتییەکانە لە عێراق و لە ئەمریکا و چین تێدەپەڕێنێت”، گەشبینی خۆی دەربڕیوە، “لەبارەی ئەگەری فراوانکردنی ئەو وەبەرهێنانانە لە داهاتودا”.
سەبارەت بە ئەگەری سەردانەکەی بەرپرسێکی باڵای روسیا یان ڤلادیمێر پوتین سەرۆک کۆماری روسیا بۆ عێراق، کۆتراشێڤ وتی، هیوادارم سەردانێکی باڵا بێت، چاوەڕوانیشم لە پێشوازی گەرمی حکومەت و گەلی عێراق، بەڵام نازانم بەم نزیکانە رووبدات، چونکە سەرۆک پوتین سەرقاڵی پرسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانە.
سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی رۆشنبیری نێوان هەردوو وڵات، باڵیۆزی روسیا، ویستی مۆسکۆ بۆ کردنەوەی ناوەندێکی رۆشنبیری روسیا لە عێراق دەربڕی، وەک ئەوەی لە سەردەمی سۆڤیەتدا هەبوو، هەروەها باسی لە هاریکاریی پەروەردەیی نێوان هەردوو وڵات کرد، ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەی خوێندکارانی عێراقی لە زانکۆکانی روسیا، لە نێوان دوو هەزار و 500 بۆ 4 هەزار خوێندکاردایە.