زیاتر لە یەک تۆن دەرمانی پێشکەشکردن
هندستانیش ساڕێژی برینی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە دەکات
964+
شۆڕش قادری
وڵاتی هندستانیش هاتە ریزی ئەو وڵاتانەی ساڕێژی برینی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە دەکەن و بۆ یەکەمجار زیاتر لە یەک تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشکی پێشکەشی نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لەو پارێزگایە کرد.
ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ دووشەممە 10.2.2025 سۆومێن باکچی باڵیۆزی هیندستان لە عێراق و کونسوڵی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان سەردانی هەڵەبجەیان کردووە و نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیماییان بەسەرکردووەتەوە”.
بەقسەی ئازاد مستەفا، باڵیۆز و کونسوڵی هیندستان زیاتر لە یەک تۆن دەرمانی و پێداویستی پزیشکیان داوەتە نەخۆشخانەکە و پشتیوانی خۆیان دووپاتکردووەتەوە.
ئاشکراشیکرد، دەرمانەکان پەمپی دژە هەناسەتوندی و قەترەی دژی وشکبوونی قوڕگ و دەم و ئامێرێکی هەناسەدانی دەستکردی پۆرتەبڵیان تێدایە.
پێشتریش فەڕەنسا و چەند وڵاتێکی دیکە هاوکارییان گەیاندووەتە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە.