94 کیلۆ گۆشتی خۆماڵی لە هەڵەبجە دەستی بەسەرداگیرا و لەناوبرا - وێنە: قایمقامیەتی هەڵەبجە
"گۆشفرۆشەکان سزا دەدرێن"
94 کیلۆ گۆشتی خۆماڵی لە هەڵەبجە دەستی بەسەرداگیرا و لەناوبرا
964+
شۆڕش قادری
لە هەڵەبجە 94 کیلۆ گۆشتی خۆماڵی دەستی بەسەرداگیرا و لەناو برا، قایمقامیەت لێپچینەوە لە گۆشتفرۆشەکان دەکات.
فەلاح نامیق سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ دووشەممە 10.2.2025 لەلایەن تیمی چاودێری تەندروستییەوە ئاگادار کراینەوە لە هەبوونی بڕێکی زۆر گۆشت لە دوو شوێنکار کە 94 کیلۆگرام بوو”.
“لەگەڵ تیمەکانی چاودێری تەندروستی چووینە شوێنەکان و پشکنینی فیزیاییمان بۆ تەواوی گۆشتەکە کرد، بۆمان دەرکەوت کە هیج مۆرێکی ڤێتەرنەری پێوە نییە و ئەوەش لەڕووی تەندرووستیەوە رێگەپێدراو نییە”، فەلاح نامیق وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو گۆشتەکەیان بردووەتە دەرەوەی شار و لەناویان بردووە.
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە ئاشکراشیکرد، ئەو دوو گۆشتفرۆشە بانگکراون و سبەی سێشەممە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و سزا دەدرێن.
هاوکات ئەکرەم محەمەدئاغا بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “هەر ئەمڕۆ لە خورماڵ سەردانی چەند خواردنگە و گۆشتفرۆشێمان کرد، دەستمان بەسەر 16 کیلۆ جگەر و بڕێک خۆراکی نەشیاودا گرت و لەناومان بردن”.