لە کڕین نایەت
لە ساڵى نوێدا هەر مسقاڵێکى زێڕ 50 هەزار دینارى بەرز بووەتەوە
964+
وریا فەتاح
2024 ساڵى زێڕ بوو و گەیشتە بەرزترین ئاستى مێژوویى خۆی، چاوەڕوان دەکرا لە ساڵى نوێدا بەهۆى خاوبوونەوەى گرژییەکان رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و هاتنى ترەمپ، بەهاى زێڕ روو لە دابەزین بکات، بەڵام زێڕ بە پێچەوانەوە هەر بەرەو بەرزبوونەوە هەنگاو دەنێت.
بەپێى بەدواداچونى دیسکى ئابورى 964، لە 2025 دا هەر مسقاڵێکى زێڕ سەروو 50 هەزار دینار چووەتە سەر نرخەکەى، بەشێوەیەک رۆژانە هەر مسقاڵێکى زێڕ زیاتر لە 1000 دینار دەچێتە سەر نرخەکەى.
لە کۆتا رۆژى 2024، نرخى یەک ئۆنسەى زێڕ لە بازاڕى جیهانیدا بە دوو هه زار و 609 دۆلار مامەڵەى پێوەکرا، بەڵام دواى تێپەڕبوونى 41 رۆژ لە ساڵى نوێدا، یەک ئۆنسەرى زێڕ گەیشتە دوو هه زار و 888 دۆلار، بەمەش لەو ماوەیەدا یەک ئۆنسە 279 دۆلار بەرز بووەتەوە.
کاریگەرى ئەم بەرزبوونەوەیە وایکرد هەر مسقاڵێکى زێڕ لە هەرێمى کوردستان سەروو 50 هەزار دینار بەرز ببێتەوە، بەم شێوەیە:
لە کۆتا رۆژى ساڵى پار، نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بە 643 هەزار دینار بوو، بەڵام بە 697 هەزار دینارە، بەمەش 54 هەزار دینار بەرز بووەتەوە.
یەک مسقاڵ زێڕى عەیارە 22ش لە 590 هەزارەوە بووە بە 640 هەزار دینار، بەمەش 50 هەزار دینار چووەتە سەر نرخەکەى.
هەرچى عەیار 21 یشە، لە 50 هەزار و عەیار 18ش 42 هەزارى چووەتەسەر.
لە 2024 دا، زێڕ سودى گەورەى وەرگرت لە گرژییەکان و زیادکردنى سوودى بانکى لە ئەمەریکا، بە شێوەیەک یەک ئۆنسەى زێڕ بەڕێژەى 25% بەرز بووەوە.
پێشبینى دەکرا لە 2025 دا، بە هاتنى ترەمپ بەهاى زێڕ روولە دابەزین بکات، چونکە مەیلى ترەمپ بەلاى بازاڕى دراوى ئەلیکترۆنییە کە لە مامەڵەکاندا شوێنگرەوەى زێڕ دەبن، بەڵام پێچەوانەى ئەمە بەهاى زێڕ هەر بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت و وەک دەڵێن لە کڕین نایەت.