لە 8ی شوباتی 1963 كودەتا بەسەر عەبدولكەریم قاسمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرا و كوژرا
رۆژی هاتنی بەعسییەكان
8ی شوبات، ئەو رۆژەی كودەتا بەسەر كودەتاچییەكان كرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ شەممە 8ی شوبات، 62 ساڵ بەسەر یەکەم هاتنەسەركاری بەعسییەكان لە عێراق و لەسەركارلادان و كوشتنی عەبدولكەریم قاسم، یەكەم سەرۆك وەزیرانی عێراق لە سەردەمی كۆماریدا، تێدەپەڕێت.
دوای ماوەیەكی كورت و نزیكەی پێنج ساڵ لە رووخاندنی حوكمی پاشایەتی لە عێراق بە كودەتایەك لە لایەن عەبدولكەریم قاسم و هاوڕێیەكانی لە 1958، كە بە “رێكخستنی ئەفسەرە نیشتمانییەكان” ناسرابوون، دواتر لە 8ی شوباتی 1963 كودەتایەكی دیكە بەسەر كودەتاچییەكان كرا و بزووتنەوەی نەتەوەییەكان “قەومی” بە سەركردایەتی عەقید عەبدولسەلام عارف و بەعسییەكان توانیان جڵەوی دەسەڵات وەربگرن و لە بەیانییەكی هەینییدا كودەتایان كرد و قاسمیان لەناوبرد.
هۆكارەكانی ئەو كودەتاییە زۆرن و دوای هاتنەكایەی سیستمی كۆماری لە دەسەڵاتی عێراق، ململانێی و كێشە لە نێوان حزب و لایەنە سیاسییەكان و ئەفسەرانی “نیشتمانی و ئازادیخواز” دروست بوو، بە تایبەتی هێزە قەومییەكان بە سەركردایەتی عەبدولسەلام عارف و حزبی بەعس داوایان دەكرد عێراق بەپەلە بچێتە پاڵ “كۆماری عەرەبی یەكگرتوو” كە میسر و سوریا پێكیانهێنابوو، بەڵام حزبی شیوعی عێراق و عەبدولكەریم قاسم دژی ئەوەبوون، تەنیا پێیان باش بوو لە رووی ئابووری و زانستی و رۆشنبیرییەوە هاوكارییان لەگەڵ ئەو كۆمارە هەبێت، نەك لە رووی یەكگرتنی سیاسی و سەربازیی فراوانەوە.
هەر بەهۆی ئەو كێشانەوە پەیوەندی قاسم لەگەڵ هەندێك لە هاوڕێیەكانی لە رێكخستنی ئەفسەرانی نیشتمانی و دواتریش لەگەڵ رەوتە قەومییەكان تێكچوو، هەر ئەمەش وایكرد بارودۆخی سیاسی لە عێراق بە خێرایی گرژی و ئاڵۆزی تێبكەوێت، تا ئەو بەیانییەی 8ی شوباتی 1963، كە عەبدولسەلام عارف و بەعسییەكان بە هاوكاری چەندین ئەفسەر لە ناو سوپا كودەتایان بەسەر عەبدولكەریم قاسم و دەسەڵاتەكەیدا كرد و لەسەر حوكم لایاندا، هەر ئەو رۆژەش لە ناو باڵەخانەی رادیۆ و تەلەڤزیۆن لە بەغدا، دادگاییكرا و گولـلەباران كرا و وێنەكانیش بڵاوكرانەوە.
ئەوەی جێی سەرنجیشە زۆری نەخایاند، عەبدولسەلام عارف لە بەعسییەكانیش هەڵگەڕایەوە و لە 18.11.1963 كودەتای بەسەر بەعسییەكان كرد و لە جومگەكانی دەسەڵات دووریخستنەوە، بە هاوكاری لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی و رێكخستنی شۆڕشگێڕی لە عێراق.