پڕۆژەیەکی ئاو لە کەرکوک _ وێنە: 964
کەناڵە ئاوییەکان پاک دەکەنەوە
هەفتەیەک 31 گەڕەکی کەرکوک بە بۆری ئاوی خواردنەوەیان پێ نادرێ
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
بۆ پاککردنەوەی کەناڵەکانی ئاودێری و پاراستنی وێستگە و تۆڕباینەکانی پڕۆژەکانی ئاو، بۆ ماوەی هەفتەیەک ئاوی خواردنەوە لە ژمارەیەک گەڕەکی کەکوک کە ژمارەیان 31 گەڕەکە دابەش ناکرێت.
پلانەکە بەمجۆرەیە؛ لە رۆژی 10.2.2025 کارەکان دەستپێدەکات و بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێ، بەڵام لەو هەفتەیەدا گەڕەکەکان بێ ئاو ناکرێن، تیمەکانی ئاو رێکخراوون هەر شوێنێک پێویستی بە ئاو بێت بە تەنکەر بۆی دەبەنە بەردەم دەرگای ماڵەکەی.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5.2.2025، هیشام زەنگەنە بەرپرسی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی ئاوی کەرکوک بە 964ـی وت، وەک پلانی ساڵانەی بەرێوەبەرایەتییەکەیان، بە مەبەستی پاکردنەوەی کەناڵەکانی ئاودێری و پاراستنی وێستگە و تۆڕباینەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک ئاوی خواردنەوە دابەش ناکرێت، تا چاکسازی لەسەرجەم تۆڕەکان دەکرێ.
لەو پڕۆسەیەدا؛ هەریەک لە گەڕەکانی تەپە، رەحیم ئاوا، ئەڵماس، قۆریە، ئەحمەد ئاغا، تسعین، حەمزەلی، رێگای بەغدا، خەزڕا، واستی، غەرناتە ، مامۆستایان، یەکی حوزەیران، عەدەن، سەردۆمیز، سەیادە، یەکی ئازار، ئیسكان، شۆرجە، موسەڵا، ئیمام قاسم، ئازادی، حوریە، عەسكەری، نەسڕ، عروبە، قادسيە یەک و دوو، ئیسراو مەفقودین، دۆميز و نیدا دەگرێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا