سبەی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی کوردستان دابەش دەکرێت
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم:
سبەی دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت
964+
شۆڕش قادری
سبەی دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی یەکی ئەمساڵی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم دەکرێت و لە چەند کاتژمێری داهاتووشدا خشتەی موچە بڵاودەکرێتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، “دوای تەواوبونی رێکارەکانی گواستنەوەی تەمویلی موچە بۆ بانکەکان، سبەی چوارشەممە 5.2.2025 دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025ـی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لەماوەی چەند رۆژێکدا موچەی سەرجەم موچەخۆران دابەش دەکرێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەچەند کاتژمێری داهاتودا خشتەی موچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەو دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم رادەگەیەنرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 4.2.2025 پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئاشکرایکرد، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ زیاتر لە 958 مليار دیناری خستووەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دواتر ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەگوێرەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق، موچەی هەر 12 مانگەکەی ئەمساڵ گرەنتی کراوە و هەرێمی کوردستانیش بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی پابەندییە تەکنیکیی و نەوتی و نانەوتییەکان.