لە بازاڕ و گەڕەکەکان ژمارەیان زۆر بووە

لیژنەیەک کار بۆ “دورخستنەوەی” سەگە بێ لانەکانی سەیدسادق دەکەن

964+

بڕوا مەجید – سەیدسادق

بڵاوبوونەوەی سەگی بێلانە، لە سەرجەم کوچە، کۆڵان و ناوبازاڕی قەزای سەیدسادق، وایکردووە مەڵبەندێکی تەندروستی و بەشێک لە هاوڵاتیان داوای دوورخستنەوەی سەگە بێلانەکان بکەن لە شوێنە گشتییەکان.

ئەو نیەتەشیان لە نوسراوێک بۆ قایمقامیەتی قەزاکە ناردووە، بەڵام قایمقام دەڵێ، “لەگەڵ لە ناوردنیان نین”.

ئەمڕۆ سێشەممە 4.2.2025، ئەکرەم مەحمود، بەڕێوبەری مەڵبەندی خۆپاراستن و تەندرووستی ئەسعەد بێڕەشکەی لە سەیدسادق بۆ 964 ئەوەی وت، “مەڵبەندەکەمان لەناو بازاڕی سەیدسادقە، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە سەگی بێلانە لە نزیک مەڵبەندەکەمان دەبینرێت، بوونەتە جێگای نیگەرانی و هەندێکیان توشی نەخۆشی پێست بوون مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکەیان لەسەرە بۆ هاوڵاتیان”.

ئەو باسی لەوەکرد،، “جگەلەوەش هەندێکجار دەبنە هۆی، رێگری لە هاوڵاتیان و کارمەندە خانمەکانی ئێمە کە دێن بۆ مەڵبەندەکەمان، بۆیە داوای لەناوبردنیانمان پێشکە بەقایمقامیەتی قەزای سەیدسادق کردووە”. ئەکرەم مەحمود وتیشی، “لەناوبردنیان مەبەستمان قەتڵ و عامکردنیان نیە، یان بکوژرێن، مەبەستمانە دووربخرێنەوە و لەناو بازاڕو شوێنە گشتیەکان نەمێنن”.

مەزەندە نەکراوە، چەن سەگی بێ لانە لە قەزاکە هەبن، رووبەرێکی فراوانی هەیە و لەناو گەڕەک و شەقامە گشتییەکان دەبینرێن، لەسەر داواکاری ئەو مەڵبەندە و هاوڵاتییەکان، رەزا محەمەد، قایمقامی سەیدسادق بە 964ی وت، “ئێمە بە داواکاری هیچ کەس بڕیار لەسەر لەناوبردن و کوشتنی هیچ ئاژەڵێک نادەین، بەڵکو و لیژنەیەکی هاوبەشمان پێکهێناوە بۆ کۆکردنەوە و دوورخستنەوەیان لەشوێنی ئاوەدانی، چونکە بڵاوبوونەوەی سەگە بێلانەکان دیاردەیەکی ناشرینە لەناوبازاڕو شوێنەگشتیەکان ودەبێتە هۆی بڵاوبونەەی نەخۆشی”.

لیژنەکە، نوێنەری قایمقامیەت، شارەوانی، پۆلیسی ناوخۆ، پۆلیسی دارستان و ژینگە، تەندروستی و ڤێتێنەری قەزای سەیدسادقی تێدایە، رەزا محەمەد وتی، “ئەو لیژنەیە بۆ کۆکردنەوەی ئاژەڵەکان دەستبەکاربوون، لە ئێستادا هیچ شوێنێک دیاری نەکراوە بۆ گواستنەوەیان، تەنیا دەمانەوێ لەناو بازاڕ و شوێنەگشتییەکان دووریان بخەینەوە”.

لە سەیدسادق باوک و کوڕێک بەجەڵدە گیانیان لەدەستدا

لە سەیدسادق باوک و کوڕێک بەجەڵدە گیانیان لەدەستدا