ئەپى واتساپ
لە 20 وڵاتى جیهان
سیخوڕانى ئیسرائیل هەژمارى دەیان رۆژنامەنووس و چالاکوانیان هاککردووە
964+
وریا فەتاح
بەرپرسێکى کۆمپانیاى مێتا کە خاوەنى واتساپە رایگەیاندووە، کۆمپانیایەکى سیخوڕیى ئیسرائیلى، هەژمارەى دەیان رۆژنامەنوس و چالاکوانى لە 20 وڵاتى جیهان هاککردووە.
بەرپرسەکەى مێتا بە رۆیتەرزى وتووە، “دواى هاککردنەکە، مێتا نامەیەکى بۆ کۆمپانیاى پاراگۆنى ئیسرائیلى ناردووە و داواى لێکردووە واز لەو کارە بهێنێت”.
مێتا جەختیشى کردووەتەوە، بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە تواناى پەیوەندیکردن بە شێوەیەکى تایبەت و دوور لە دەستێوەردان و دزەکردنى زانیارییەکان.
بە وتەى ئەو بەرپرسە، کۆمپانیاکە 90 بەکارهێنەرى پلاتفۆڕمەکەى بە ئامانج گرتووە و هاکى کردوون، کە زۆربەیان رۆژنامەنووس و چالاکوانى کۆمەڵگەى مەدەنین.
ئەو بەرپرسەى کۆمپانیاى مێتا رەتى کردووەتەوە لە پێدانى زانیارى لە بارەى ئەو کەسانەى کراونەتە ئامانج، یان چۆنیەتیى زانینى ئەوەى کە چۆن کۆمپانیاى پاراگۆن بەرپرسیارییەتەکەى خراوەتەسەر.