دیمەنێک لە رووداوەکە _ وێنە: میدیا عێراقییەکان
لە رێگەی چوون بۆ نەجەف بووە
پاسێک تووشی رووداو بوو؛ گیانی لەدەستدانی شەش کەس پشتڕاست کراوەتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
سەرچاوەیەکی ئەمنی ئەمڕۆ هەینی، بە تۆڕی 964ی راگەیاند، بەهۆی پێکدادانی پاسێکی گواستنەوەی زیارەتکاران کە لە بەسرە بۆ نەجەف دەچوو، لەگەڵ ئۆتۆمبێلێک لە جۆری ڕێنۆ زیاتر لە 40 کەس بریندار بوون یان گیانی لەدەستداوە.
ئەو ناوچەی روداوەکەی تێدا روویداوە، قەزای شامییە، رێگای دیوانییە و نەجەف بەیەکەوە دەبەستێتەوە، سەرچاوەیەک لە بەشی هاتوچۆی بەڕێوەبەرایەتیی شامیە بە تۆڕی964ی وت، بەپێی ئاماری سەرەتایی رووداوەکە زیاتر لە شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و 37 کەسی دیکەش برینداربوون.
هاتوچۆ لە بارەی هۆکاری رووداوەکە دەڵێت، پاسەکە بەرەو نەجەف دەڕۆیشت، کاتێک شۆفێرەکەی سەری سوڕماوە لە لادانێکی کاتی بەهۆی کارەکانی نۆژەنکردنەوە لە دیوێکی رێگاکە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە خۆی بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەدابکێشێت، کە لە ئاراستەی پێچەوانەوە هاتووە.
خەڵکی سڤیل لە ناوچەکە بەپەلە دەستیان کردووە، بە گەڕان بەدوای بریندارەکان و گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەکان بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانیان، هاوکات بەرگری شارستانی لە پشکنین و هێڵکاری رووداوەکە بەردەوامە.
تۆڕی 964 دەزانێت، زیاتر لە ساڵێکە رێگاکە کاری نۆژەنکردنەوە و لادانی بۆ دەکرێت، ئەمەش رێژەی رووداوەکانی لە ناوچەکە زیاد کردووە.