دیمهنی بهشێكی رواندز ... وێنه: رێبهر عهزیز
خاوەندارێتییەکەیان دەگوازرێتەوە
خانووە کەلەپوورییەکانی رواندز هەنگاوێک نزیک بوونەوە لە پاراستن و نۆژەن کردنەوە
964+
ژێوار خدر
قایمقامی قەزای رواندز سەردانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری کرد و سەردانەکەی خێری پێوەبوو بۆ قەزاکە، چونکە گواستنەوەی خاوەنداریەتیی خانووە کەلەپوورییەکانی رواندز لەلایەن وەزیرەوە قبوڵکراوە و لەدوای تەواوبوونی رێکارەکان دەتوانرێ نۆژەن بکرێنەوە.
قایمقامیەتی قەزاکە بڵاویکردووەتەوە کە، هەر یەک لە قایمقامی قەزای رواندز، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، ئامانجی سەردانەکەیان بۆ لای ساسان عەونی وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزار، بایەخدان بووە بەشوێنەوار و كەلەپووری قەزای رواندز.
دەشڵێت، وەك شارێكی مێژوویی باس لە قەزای رواندز و بە تایبەتی خانووە كەلەپوورییەكانیەوە کراوە، كە گوزارشت لە هونەری بیناسازی و کلتوری رەسەنی کوردستان دەکەن و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ 200 ساڵ لەمەوەبەر و سەردەمی میر محمدی رواندزی (پاشای گەورە) و ئێستا پێویستییان بە پاراستن و نۆژنكردنەوەیە.
لە سەردانەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گواستنەوەی خاوەنداریەتیی خانووە كەلەپوورییەكان کراوە بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپوور، چونکە تا ئێستا بەشێکییان تاپۆکانییان لەسەر هاوڵاتییان ئاساییە، پێشتریش عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران سەبارەت بەم بابەتە قسەی بۆ 964 کردبوو و باسی لەوەکرد، پێویستە ئەو خانووانە ببن بە موڵکی دەوڵەت تا بتوانرێت نۆژەن بکرێنەوە و لە حاڵەتی گواستنەوەی خاوەندارێتییەکەشدا خاوەنی خانووەکان لەلایەن دەوڵەتەوە قەرەبوو دەکرێنەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە، وەزیر رەزامەندی لەسەر خۆماڵەکردنیانی خانووەکا داوە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەرێمی كوردستان راسپێردرا، تا رێكارە پێویستەكان بگێرێتە بەر.