وێنەى کارمەندانى پۆلیسى دارستان لەگەڵ کەڵەکێوییەک پێش گەڕاندنەوەى بۆ سروشت...وێنە: پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلیمانى
داوا دەکرێت سزا بۆ ئەوە دابنرێت
“بەهیچ شێوەیەک ئاژەڵى دەستەمۆکراو مەخەرەوە ناو سروشت”
964+
وریا فەتاح
زۆر جار روودەدات کەسێک یان لایەنێکن ئاژەڵێک یان باڵندەیەکى دەستەمۆکراو دەخاتەوە ناو سرووشت و ناوى لێدەنرێت خزمەتکردنى ژینگە، بەڵام رێکخراوێکى بوارى ئاژەڵان دەڵێت،” بەهیچ شێوەیەک ئاژەڵى دەستەمۆکراو مەخەرەوە ناو سروشت” و داواش دەکات، سزا بۆ ئەو حاڵەتە دابنرێت.
هانا رەزا، سەرۆکى رێکخراوى پڵنگانى بێسنور بۆ پاراستنى گیانەوەرى کێوى بە 964ـى وت، زۆر جار وەک کارێکى خۆبەخشى و خزمەتکردن بە سرووشت، کەسانێک دەبینین، ئاژەڵ یان باڵندەى کێوى دەستەمۆکراو دەخاتەوە ناوسروشت، بەڵام ئەوە کارێکى رێگەپێدراو نییە و خزمەت بە سروشت و ئاژەڵەکان ناکات.
رونیشى دەکاتەوە، نەک هەر بەرەڵاکردنى ئاژەڵى دەستەمۆکراو، بەڵکو گواستنەوەى ئاژەڵ لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى دیکەش گونجاو نییە، ئەو نمونەى ئەوە دەهێنێتەوە کە زۆر جار روودەدات، کەسێک هاوکارى بێچووى ئاژەڵێکى کردووە و بۆ شوێنێکى سەلامەت گواستویەتییەوە، بەڵام هانا رەزا پێى وایە، لەو حاڵەتەدا بەهیچ شێوەیەک دروست نییە دەست بۆ ئەو ئاژەڵە ببرێت و رەنگە بە گواستنەوەى ببیتە هۆى مردنى ئەو بێچووە، بۆیە باشترە لێگەڕێى سروشت خۆى ئەو کارە بکات، تەنیا لە حاڵەتێک نەبێت ئەگەر ئاژەڵەکە نەخۆش بێت یان برینێکى پێوە بێت.
لەبارەى بەرەڵاکردنی گیانداری کێوی هێنراو لە وڵاتێکی دیکەوە، بۆ ناو ژینگەى کوردستان، سەرۆکى رێکخراوى پڵنگانى بێسنوور وتى،”بە پێی رێككەوتننامەی جیهانی CITES رێگەپێدراو نییە، چونکە جۆرێکە لە تێکدانی ژینگەیی و دەستوەردان لە سروشت و دەكرێت سەرەنجام کارەساتی ژینگەیی لێ بكەوێتەوە، كە ئەمەیش کاریگەرییەکانی هیچی کەمتر نییە لەڕاوکردن، چونکە هەموو سروشت و ژینگەیەک و هەموو وڵاتێک کۆمەڵێک گیانداری کێوی تایبەت بەخۆی هەیە، كە دەکرێ لەوڵاتێکی دیکە نەبێت، نەبونی لە وڵاتێکی دیکەیش واتە ژینگەی ئەو وڵاتە گونجاو نییە بۆی، بەڵام کاتێک کەسێک لە وڵات و ژینگەی خۆی دەیگوازێتەوە بۆ وڵات و ژینگەیەکی دیکە، ئەمە دەستدرێژی و تێکدانی ژینگەو سروشتە لە هەردوو وڵاتەکە، چونکە رەنگە ئەو گیاندارە کێویە بەهیچ شێوەیەک لەو وڵاتەو ژینگەیە نەژی کە تۆ بۆی دەگوازیتەوە، یان رەنگە بژی و بەڵام گرفتی سەرچاوەی خۆراکی دروست بکات بۆ ئەو گیاندارە کێویانە كە خۆیان لەو ژینگەیە بونیان هەیە، یان ڕەنگە ببن بە جۆرێکی داگیرکەرو هاوسەنگیە ژینگەییەکان بشێوێنن، یان زۆرکات لەم گواستنەوانەدا ڤایرۆس و نەخۆشی و ئافاتی ژینگەیی لەگەڵ خۆیان دەهێن”.
“ئێمە وەك رێكخراوی پڵنگانی بێسنور داواكارین لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ژینگەی عێراق، هەستن بە دەركردنی رێنمایی تایبەت، بۆ قەدەغەكردنی بەرەڵاكردنی گیانەوەر و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و ماڵی بۆناو سروشت و ژینگەی سروشتی و شار، هەروەها بەپێی ئەو رێنماییە، هەر كەس و لایەنێك كە بەپێی پەیڕەوو رێگای زانستی و پێوەرە جیهانییەكان ویستی ئەوەیان هەبوو زیندەوەرێك بەرەڵا بكەن، مۆڵەتی فەرمی بۆ وەرگرن و بەپێچەوانەوە سزای تایبەتی بۆ ئەو سەرپێچییە دابنرێت”، هانا رەزا واى وت.