ژمارەیەک ئۆتۆمبێل لە شەقامێکی نزیک قەڵای هەولێر دەردەکەون_ وێنە: 964
کارتێکی ئەلیکترۆنییە
لە ماڵەوە داوای بەناوکردن و نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری بکەن
964+
ئەحمەد مستەفا
پۆرتاڵێكی نوێی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان دروست کراوە، بەهۆیەوە شۆفێران و هاوڵاتییان دەتوانن لە ماڵەوە فۆڕمی بەناوكردنی ئۆتۆمبێل و نوێكردنەوەی مۆڵەتی شوفێری پڕ بكەنەوە.
لە دهۆکەوە دەستکراوە بە ئەلیکترۆنیکردنی بەناوکردن یان ئەوەی پێی دەوترێ ساڵیانە، ناسنامە کۆنەکە نامێنێ و دەبێت بە ناسنامەیەکی پلاستیک، کە بە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی سەردەم بەرهەم دەهێندرێ و بایۆمەتری خاوەنەکەی دەخرێتە ناوی بۆ ئەوەی لە هەموو جۆرە ساختەکارییەک بپارێزرێت.
دکتۆر هێمن میرانی، بەڕێوەبەری دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، شوفێران و خاوەنی ئۆتۆمبێلەکان لە ئێستاوە دەتوانن سەردانی ئەو پۆرتاڵە بکەن، هەژماری تایبەت بە خۆیان دروست بکەن بۆ ئەوەی لەمەولا مامەڵەکانی تایبەت بە مۆڵەتی شوفێری و گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێلەکانیان لە ڕێی پۆرتاڵەوە لە ماڵەوە دەست پێ بکەن.
ئەو سیستمە نوێیە پۆرتاڵێکی نوێی بۆ دروست کراوە بەم ناونیشانە (https://dlvr.digital.gov.krd) و هاوڵاتییان لەمەولا دەتوانن هەژمار بۆ خۆیان دروست بکەن، لەو رێگەیەوە کارەکانی بەناوکردن دەستپێ بکەن، وە ئەم پۆرتاڵە دەتوانرێت بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێریش بەکار بهێندرێت.