"کەس بە گۆشتی خۆی ناڵێ خراپە"
ئاژەڵی پێنج وڵات لە مەیدانەکەی سلێمانین، ئیتر بۆ نرخی گۆشت جیاواز نەبێ
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
فرۆشتنی گۆشتی سوور بە چەند نرخێکی جیاواز، گومان و پرسیاری لەسەر چاک و خراپی گۆشتەکە دروست کردووە، لەلایەک گۆشت کیلۆی بە 18 هەزار و 20 هەزار دینارە و لەلایەکی دیکە، گۆشتفرۆشەکان کیلۆی بە 13 و 12 هەزار دینار دەفرۆشن.
گۆشتفرۆشێک لە سلێمانی، نرخی گۆشتی هەرزان کردووە، بانگەشەی ئەوە دەکات ئاژەڵ کولفەیەکی زۆر ناکەوێت لەسەری، تا بە نرخێکی گران بە خەڵکی بفرۆشێ، ئێستا هەزار و 500 دینار لە نرخی هەر کیلۆیەک گۆشت داشکاندنی کردووە و بۆ رەمەزانیش بە نیازە نرخەکەی زیاتر دابشکێنی.
ئاژەڵی کوردی، سوری، هیندی، ئەرمەنی و عەرەبی لە مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دەست دەکەون، رۆژانە بە گوێرەی خواستی بازاڕ زینە قەپانی ئاژەڵەکان نرخەکەی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەڵام هیچ ئاژەڵێک نییە رکابەری نرخ و خواست لەسەر ئاژەڵی کوردی بکات، هەر لەوێ بەرخی کوردی کیلۆی بە هەشت هەزار و 500 دینار و کاوڕ بە حەوت هەزار دینارە، ئەو ئاژەڵەی دەزانرێ گۆشتەکەی ناسکە و تەمەنی کەمە، بە هەرزان دەست ناکەوێ.
داشکاندن لە نرخی گۆشتی، ناڕەزایەتی دروست کردووە، هەر کە دەچیت بۆ لای گۆشتفرۆشەکانی بەلەدییەکەی سلێمانی، یەکسەر دەیانەوێت روونکردنەوە بدەن، کە بۆچی لەلای ئەوان نرخی گۆشت وەکخۆی ماوەتەوە و داشکاندیان نەکردووە، وای دەبینن خەڵک جیاوازییەکەی لەلا روون نەبووەتەوە، کە گۆشتەکەی ئەوان بێ ئێسقان و چەورییە.
پێدەچێت هیچ کەس، هێندەی لیژنەکانی قایمقامیەت لە تەندروستی و ڤێتێرنەری دڵخۆشنەبن بە داشکانی نرخی گۆشت، ئەوەتا بەو مەرجەی مۆری کوشتارگەری هەبێ، سزای هیچ گۆشتفرۆشێک نادەن بە کەمترین نرخ گۆشتەکەی بفرۆشێت، لە کاتێکدا هەر گۆشتفرۆشێک لە نرخی دیاریکراو بە زیاتر فرۆشتی، سزای دەدەن.
لە سنوری پارێزگای سلێمانی، ساڵی 2024 دا 226 هەزار و 385 سەر مەڕ، 22 هەزار و 393 سەر بزن، 34 هەزار و 670 سەر ڕەشەوڵاخ لە کوشتارگە فەرمیەکاندا سەربڕدراون و خراونەتە بازاڕەوە، ئەو داتایە دەری دەخات شارەکە گۆشت خۆرە، گەرمی بازاڕیش هاوکارە بۆ بوونی کێبڕکێ، بەو مەرجەی لەسەر تەندروستی هاوڵاتی نەکەوێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا