نۆرینگەیەک و سێ تاقیگەی پزیشکی لە سۆران داخران - وێنە: تەندروستی سۆران
"دەرمانی قاچاغ و بێ ستیکەر فرۆشراوە"
نۆرینگەیەک و سێ تاقیگەی پزیشکی لە سۆران داخران
964+
شۆڕش قادری
نۆرینگەیەک و سێ تاقیگەی پزیشکی لە سۆران داخران، نۆرینگەکە دەرمانی قاچاغ و بێ ستیکەری فرۆشتووە و تاقیگەکانیش مۆڵەتیان نەبووە و کیتی ماوەبەسەرچوویان هەبووە.
د. هێمن شکاک سەرۆکی لیژنەی پشكنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران بە 964ـی وت، “بە هاوبەشی لەگەل قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سۆران و بەڕێوەبەرایەتیی KMCA ، سەندیكای دەرمانسازان و ئاسایش و نوێنەری داواکاری گشتی، سەردانی دەرمانخانە و نۆرینگە و تاقیگەکانی قەزای سۆرانمان کرد”.
“لە ئەنجامی ئەو پشکنین و بەدواداچوونە، کومەڵێک دەرمانی قاچاغ و بێ ستیکەر و کیتی تاقیگەیی ماوەبەسەرچوو دەستیان بەسەرداگیرا و نۆرینگەیەک و سێ تاقیگەی پزیشکیش داخران”، د. هێمن شکاک وای وت.
روونیشیکردەوە، نۆرینگەکە دەرمانی قاچاغ و بێ ستیکەری فرۆشتووە، تاقیگەیەک کیتی ماوەبەسەرچووی هەبووە و ئەو دوو تاقیگەی دیکەش لەبەر ئەوە داخراون کە کەسی خاوەن مۆڵەت لە شوێنەکە نەبووە و کەسی دیکەی لە تاقیگەکان داناوە.
د. هێمن شکاک وتیشی، بە هاوکاری ئاسایشی سۆران هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی ئەو قاچاخچییەی دەرمانەکانی هێناوە بەردەوامە و رووبەڕووی یاسای دەکەنەوە.