ئاکرێ
دوو هاوڵاتى بە بۆردوومانى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا گیانیان لەدەست دا
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
سەرچاوەیەکى فەرمى لە سنوورى ئاکرێ بە 964ـى وت،” کەمێک لەمەوبەر بەهۆى بۆردوومانى فڕۆکەى جەنگى تورکیاوە، دوو هاوڵاتى لە سنوورى ئاکرێ گیانیان لەدەست دا”.
وەک ئەوەى سەرچاوەکە باسى دەکات، بۆردوومانەکە لە سنوورى گوندى دودێ لە ناحیەى دینارتە روویداوە و بەهۆیەوە دوو هاوڵاتى بەناوەکانى (ت. م. ن 48 ساڵ) و (ج. ج تەمەن 58 ساڵ)، گیانیان لەدەست داوە.
بە وتەى سەرچاوەکە بێت، لەئێستادا کەسوکاریان بەرێگاوەن بۆ هێنانەوەى تەرمەکانیان.
کامەران مەلا عوسمان، ئەندامى تیمى کوردستانى رێکخراوى CPTـى ئەمەریکى بە 964ـى وت،” بۆردوومانەکە کاتژمێر 11:30 خولەک روویداوە و فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى سوپاى تورکیا سنوورى گوندى شەهیێى سەر بە ناحیەى دینارتەى بۆردوومان کردووە و دوو هاوڵاتى مەدەنى کوژراون”.
بەپێى ئامارەکانى CPT، لە کانوونى دووەمى 1991ـەوە تاکو ئێستا 720 هاوڵاتى مەدەنى کوژراون و بریندار بوون کە لەو ژمارەیە 353 گیانلەدەستدان و 367 بریندار، تۆمار کراون و تەنیا لەمساڵدا چوار هاوڵاتى مەدەنى بەرکەوتوون کە دوانیان گیانیان لەدەست داوە و دوانى دیکەش بریندار بوون کە سەرجەمیان خەڵکى پارێزگاى دهۆکن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح