44 ساڵ خزمەتی هەبوو

هەرچیم دەزانی پێشکەشم کردن؛ قەرەچەتانی خانەنشین بوو

964+
ئەحمەد مستەفا

ئەو دەروونزان و پەروەرکارەی بە فەرمانبەری دەستی پێکرد و بوو بە پڕۆفیسۆر، پاش 44 ساڵ لە ماوەی خزمەتی فەرمانبەری لە کەرتی گشتی خانەنیشن بوو.

رۆژی پێنجشەممە 23.1.2024، لەو کۆلێژەی وانەی تێدا دەڵێتەوە، کۆتا وانەی پێشکەش بە خوێندکارانی قۆناغی چوارەمی بەشی پەروەردەی تایبەت، خوێندنی بەیانیان کرد لە زانکۆی سلێمانی.

ئەوەی باسی دەکەین، دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانییە، کە لە ساڵی 1964 لە سلێمانی لە دایک بووە، لە 1.3.1980، وەک فەرمانبەر لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی دەستی بە خزمەت کردووە لە کەرتی گشتی کردووە، ئەو پاش گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی بۆ هەولێر، ماوەی 25 ساڵ لە زانکۆی سەڵاحەدین دەوامی کردووە، دواتر وەک مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی بەردەوام بووە.

دکتۆر کەریم لە زانکۆی موسڵ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرتووە، لە بەغدا ماستەر و لە زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر بڕوانامەی دکتۆرا ساڵی 2012 نازناوی زانستی بوو بە پڕۆفیسۆر، لەبارەی خانەنیشن بوونی، دکتۆر کەریم پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە کە وێنەیەکی بۆ 964 نێردراوە و دەڵێت، لە خودای گەورە داواکارم ئەو ماوەی لە ژیان ماومە بتوانم زیاتر خزمەتی وڵاتەکەم و ماڵ و منداڵم بکەم.

لەبارەی جێهێشتنی زانکۆ نوسیوویەتی، ماڵئاوا زانکۆی سلێمانی و سەڵاحەدین ماڵی دووەمم، کە 44 ساڵی تەمەنم پێبەخشین و بەشداربووم لە پێگەیاندنی هەزاران خوێندکاری بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا بەبێ جیاوازی، هەرچیم دەزانی پێشکەشم کردن و شانازیتان پێوە دەکەم.

دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی، کە خۆی پسپۆڕییەکەی دەروونزانی بوو، دەڵێ ئاواتەخوازم خوێندکار و قوتابییەکانمان ئەو کاروانە تەواو بکەن کە ئێمە دەستمان پێکرد، لە کاتێکدا خۆی سەرەڕای خزمەتی مامۆستایی، 25 کتێبی نوسیوە یان وەرگێڕانی بۆ کردوون، دەیان چاوپێکەوتن، بەرنامە و رێنمایی بە وەرگرانی گەیاندووە، بەڵام رێورەسمی ماڵئاواییەکەی لە زانکۆ و بە تۆمارکردنی چەند وێنەیەک لەگەڵ خوێندکارەکانی کۆتایی پێ هێنا.

وێنەی خۆی لەگەڵ خوێندکارەکانی؛

"نەزان باشترە لەوەی نیو عیلمی پێبێت"

"ساڵ بە ساڵ دەبێت گۆڕانکاری بەسەر ژیانتدا بێت"