لێکۆڵینەوە دەکرێت

دەیان نەمامى توو لە هەڵەبجە شکێنراون

964+

وریا فەتاح

فەرمانگەى ژینگەى هەڵەبجە رایگەیاند، دەستێکى نابەرپرسانە ژمارەیەکى زۆر نەمامى سەر رێگاى سەرەکى زانکۆى شکاندووە، بەڕێوەبەرەکەشیان دەڵێت، لێکۆڵینەوە دەکەن و ئەوەى واى کردبێت بە ئاسانى بۆى دەرناچێت.

سەرهەنگ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەرى فەرمانگە ژینگە هەڵەبجە بە 964ـى وت،”بەداخەوە بەشێوەیەکی زۆر نابەرپرسیارانە نەمامەکانی رێگای سەرەکی زانکۆ شکێنراون کە فەرمانگەکەمان لە چوارچێوەى پڕۆژەى لەبرى سەوزکردن لەوێى چاندبوون”.

وەک باسى دەکات، جارێ نازانن چەند نەمام شکێنراون، بەڵام زۆرن و زۆر بە نابەرپرسیارانە شکێنراون و هەموو گومانەکانیش بەو ئاراستەیەن بە دەستى ئەنقەست بووبێت.

روونیشى کردەوە، ئەو نەمامەنەى شکێنراون لە جۆرى توون و تا ناشتنیان هەر دانەیەکیان 15 هەزار دینارى تێچووە.

بۆ ڕواندنی نەمامێک بەشێوەیەکی گونجاو تیمێکی گەورە ماندوو دەبن، بەڵام ئەوەی هاوڵاتی دەیبینێت تەنها نەمامەکەیە

وەک ئەوەى بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ژینگە باسى دەکات، رۆژى یەکشەممەى داهاتوو، بە هاوکارى ئاسایش و پۆلیس بەدواداچوونی ورد دەکەن بۆ دۆزینەوەی سەرپێچیکاران و گەیاندنیان بە سزای یاسایی خۆیان.