ئیسکان تاوەر

لە پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوونى هەولێر ئاگرکەوتەوە

964+

وریا فەتاح

کەمێک لەمەوبەر، لەیەکێک لە شوقەکانى پڕۆژەى نیشتەجێبوونى ئیسکان تاوەر لە شارى هەولێر ئاگرکەوتەوە.

شاخەوان سەعید، وتەبێژى بەرگرى هەولێر، وێڕاى پشتڕاستکردنەوەى هەواڵەکە بۆ 964، باسى لەوەشکرد کە تیمەکانیان سەرقاڵى کوژاندنەوەى ئاگرەکە کە لە نهۆمى 14ـى یەکێک لە تاوەرەکان کەوتووەتەوە.

دانیشتوویەکى پڕۆژەکە قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”بەشێکى زۆرى دانیشتوانى ئەو باڵەخانەیەى ئاگرەکەى لێ دروستبووە رۆشتوونەتە خوارەوە و ئەسانسۆر بەرناکەوێت و بەشێکى خەڵکەکە بە قادرمەکاندا دەڕۆنە خوارەوە و، تیمەکانى بەرگرى شارستانى لەوێن و سەرقاڵى کوژاندنەوەى ئاگرەکەن”.

پەیامنێرى 964 لە شوێنى رووداوەکە رایگەیاند، ئاگرەکە لە یەکێک لە شوقەکانى تاوەرى B5 کەوتووەتەوە.

وەک باسى دەکات، بەهۆى ئەوەى بنکەیەکى بەرگرى شارستانى شەهید نەریمان لە نزیک پڕۆژەکەیە، زوو فریاى کەوتوون و کۆنتڕۆڵیان کردووە و ئێستا تەنیا دووکەڵ ماوە.

یەکێک لە کارمەندانى تیمى بەرگرى شارستانى کە لە شوێنى رووداوەکەیە بە پەیامنێرى 964ـى وت،”ئەو شوقەیەى ئاگرەکەى لێکەوتووەتەوە کەسى تێدا نەبووە و جارێ نازانن هۆکارى ئاگرەکە چى بووە”.