هەولێر
ئاژەڵدۆستان دژی کوشتنی سەگ لەبەردەم بارەگای یو ئێن گردبوونەوە
964+
دەشتی عارف – هەولێر
کوشتنی سەگ لە شاری دهۆک و کەرکوک ئاژەڵ دۆستانی لە هەولێر هێنایە دەنگ و لەبەردەم رێکخراوی یو ئێن گردبوونەوە و داوای راگرتنی ئەو کارە دەکەن.
لوما مەستەفا یەکێکە لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە و بە 964ـی وت، “خوای گەورە ئەوەندە رێزی لە سەگ گرتووە لە قورئانی پیرۆز باسی کردووە کەچی مامۆستایەکی ئاینی فتوایەکی داوە دەڵێت دەبێت ئەو سەگانە بکوژرێن، ئەمە گوناهێکی گەورەیە و دەبێت خۆمان فێربکەین دۆستی سەگەکان بین و منداڵەکانیشمان لەسەر هەمان شت پەروەدە بکەین”.
شەهلا جەلیل، جێگری سەرۆکی رێکخراوی ئاژەڵ پارێزانی کوردستان بۆ 964 دوا و وتی، کوشتن چارەسەری سەگە بێلانەکان نییه، بەڵکو حکومەت دەبێت لە رێگای شەڵتەرەکانەوە سەگەکان بگرێت و نەزۆکیان بکات و دواتر بیان گەڕێنێتەوە ناو سروشتی خۆیان”.
بەپێی ئامارە نافەرمیەکان لە ئێستادا سەروو 70 هەزار سەگ لە هەرێمی کوردستان هەن و ئەوەی جێگای باسە چەند رۆژێک بەر لە ئێستا لە شاری کەرکوک منداڵێک بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە گیانی لەدەستدا و لە دوایی ئەم رووداوە شارەوانی کەرکوک بڕیاری کوشتنی بۆ سەگە بێلانەکان دەرکرد، ئەمەش وای کردووە ئاژەڵ پارێزان دژی ئەم بڕیارە بوەستنەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی