ژمارەیەک گەشتیار کۆبوونەتەوە بۆ گەشتەکەیان - وێنە: گەشتوگوزاری هەولێر
گەشتیاری ناوخۆیی بەس نییە
دەستەی گەشتوگوزار لە ئیسپانیان تا گەشتیاری نێودەوڵەتی بهێنن
964+
ئەحمەد مستەفا
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەیەوێ، گەشتیاری نێودەوڵەتی بۆهەرێمی کوردستان رابکێشێ، بەشداری پێشانگەی (FITUR)ی کردووە لە ئیسپانیا و ژمارەیەک کۆمپانیای گەشتیاری لەگەڵ خۆی بردووە.
هاتنی گەشتیاری بەشەکانی دیکەی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ یان شارەکانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، تەنیا بەس نییە و خواستی دەستەکە زیاترە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22.1.2025، ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، ئەو پێشانگەی لە ئیسپانیا کراوەتەوە، ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت، وە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، تا خواستی کۆمپانیا و گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیاری و کلتورییەکان رابکێشن.
گەشتیار کاریگەری ئابووری بەسەر هەرێمی کوردستانەوە دەبێت، وتەبێژەکەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان وتی، گەشتیارانی نێودەوڵەتی، دراوی قورسیان پێیە، ئەمە بۆ بازاڕی گەشتیاری و دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی ئەرێنییە، وە راکێشانی خواستی ئەو کۆمپانیایانە، ئەرکی بنەڕەتی ئێمە دەبێت.
پێشانگەی (FITUR)، کە بە یەکێک لە پێشانگە گرنگەکانی جیهان لە بواری گەشتیاری ئەژمار دەکرێت، دەستەی گەشتوگوزار دەیەوێ رۆڵی بریتی بێت لە ناساندن و بەبازاڕکردن بۆ شوێنە گەشتیاری و شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان و ئاشناکردنی بەشداربووانی پێشانگا بە سروشت و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە بنیادنانی شارستانیەت و درووستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوردستان و وڵاتانی بەشداربوو.