له گه‌ڕه‌كى ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان داندراون
له رێگه‌ى 54 بۆکسه‌وه جلوبەرگ بۆ خێزانه هه‌ژاره‌كانى هه‌ولێر كۆده‌كرێته‌وه
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
رێکخراوێک له هه‌ولێر 54 بۆكسی له گه‌ڕه‌كه جیاوازه‌كانى ده‌وڵه‌مه‌ندنشین داناوه، بۆ كۆكردنه‌وه‌ى جلوبه‌رگ، دواتر دابه‌شیان ده‌كات به‌سه‌ر خێزانه هه‌ژاره‌كاندا.
رێكخراوه‌كه ناوى (یەکتری قبوڵکردن)ـه، لە ساڵی 2021 ـه‌وە دامه‌زراوه و له‌وكاته‌وه تا ئێستاش 340 تۆن جلی کۆکردووەتەوە و داویەتی بە کەسانی کەمدەرامەت.
ئاری دڵشاد، بەڕێوەبه‌ری رێکخراوه‌كه به 964 ـى وت، سەرەتاى پڕۆژه‌كه‌یان بە 10 بۆکس دەستپێکرد و ئێستاش خاوه‌ن 54 بۆکسن.
وتیشی، “له ماوه‌ى سێ ساڵى كاركردنماندا 52 هەزار کەس له هاوڵاتیانی كه‌مده‌رامه‌ت و هه‌ژار سوودمەندی ئەو جلوبه‌رگانه بوونه”.
زۆربەی ئەو هاوڵاتیانە له هه‌ولێر سوودمەند بوونە، دانیشتووی ناحیه‌ى کەسنەزان و کەمپەکانی ئاواره‌ى سنووری هەولێرن.
ئاماژه‌ى به‌وەش كردووه، پێویستیان به 300 بۆكس هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن له ته‌واوى گه‌ڕه‌كه‌كانى هه‌ولێر جلوبه‌رگ كۆبكه‌نه‌وه.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن