لە هەولێر

بەشێکی شەقامی 100 مەتری لە زێدەڕۆیی رێکخرایەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

هەڵمەتی رێكخستەوەی شۆستە و شەقامی 100 مەتری ئەنجامدرا و سەرچاوەیەكیش لە شارەوانیی شەشی هەولێر دەڵێت، خەڵك گلەیی دەكەن لە قەرەباڵغی و رێگەگرتنی مێز و عارەبانەی سەر شۆستەكان و ئاستەنگیان دروست كردووە.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەڵێت، لە پێناو جوانترکردنی سیمای شار و کەمکردنەوەی ئاستەنگی هاتوچۆ و هەروەها نەهێشتنی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی بەشێك لە شەقامی 100 مەتری رێكخرایەوە.

تاریق یوسف بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری لە شارەوانیی شەشی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە 20.1.2025 بە 964ی راگەیاند، هەڵمەتێكیان بۆ رێكخستنەوەی شۆستەكانی شەقامی 100 مەتری ئەنجام دا لە ترافیكی شەقامی مەخمور تا فلكەی نەخۆشخانەی رۆژئاوا.

وتیشی، “ئەو مێز و عارەبانانەی لەسەر شۆستەكان سەوزە و میوە و كەلوپەلی تر دەفرۆشن، زیادەڕۆیی دەكەنە سەر شەقام و شۆستەكان، بۆیە ئێمە رێكخستنەوەمان بۆ كردن و داواشمان لێكردن شەقام و رێگاكە نەگرن، بێگومان ئەوە چەندین جاری دیكەش پێمان وتوون، بەڵام هەر پابەند نابن، لەگەڵ ئەوەشدا رێگریمان لێنەكردوون كاسبی خۆیان بكەن”.

964 دەزانێت هەڵمەتەكە بە هاوکاری پۆلیسی شارەوانی بەڕێوەچووە.

“هەڵمەتەكە دوێنی دەستیپێكرد و بەردەوامیش دەبێت، بەدواداچوونی بەردەوامیش دەكەین و شارەوانیی هەولێر هەموو شەقامە گشتییەکان رێكدەخاتەوە”، تاریق یوسف وای وت.

شەقامی 100 مەتر لە هەولێر، شەقامێكی بازنەیی و سەرەكییە، بە دەوری زۆربەی گەڕەكەكانی سەنتەری شار دەسووڕێتەوە.

شارەوانی هەولێر زیادڕۆییەکانی شەقامی 100 مەتری لادەبات

شارەوانی هەولێر زیادڕۆییەکانی شەقامی 100 مەتری لادەبات