"لە دین دەردەچن"
دیاردەی سیحر و جادوو لە خورماتوو رووی لەزیادبوون کردووە
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
دیاردەی سیحرو جادوو لە قەزای خورماتوو روویلە زیادبون کردووە، بەجۆرێک رۆژانە چەندین نوشتەو جادوو لەناو گۆڕستانی و هەندێ شوێنی تری قەزاکە دەدۆزرێتەوە، مامۆستایەکى ئاینیش باس لەوە دەکات، هەر کەس بیکات لە دین دەردەچێت.
داود کەریم، پێش نوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی ئیمامی شافعى لە قەزاى خورماتوو بە 964ـى وت،”سیحر و جادوو بەجۆرێک تەشەنەی سەندووە تەنانەت لەناو شوێنی مردوو شۆری مزگەوتەکان و گۆڕستانەکان دەشاردرێتەوە و کاریگەرى ترسناکى بۆسەر خێزانەکان دروستکردووە و بووەتە هۆى لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەى خێزان”.
باسى لەوەشکرد، رۆژانە چەندێن خێزان سەردانیان دەکەن کە سیحر و جادوویان لێکراوەو بەجۆرێک کارگەشتوەتە جیابونەوەی هاوسەران و دروستکردنى دۆخێکى دەروونى ناجێگیر بۆ خێزانەکان.
وەک ئەو مامۆستا ئاینییە باسى دەکات، نەک لە قەبرەستان و مزگەوتەکان، تەنانەت لە پڕۆژەى ئاوى قەزاکەش نوشتەیان دۆزیوەتەوە.
“لەڕووى ئاینییەوە هەرکەسێک جادوو و سیحر بکات، لە ئیسلام وەردەگەڕێ”، ئەو مامۆستا ئاینییە واى وت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح