ئاماری ساڵ دەری خستووە

هاتوچۆی کۆیە: بارهەڵگرەکان هۆکاری زۆری رووداوەکانی هاتوچۆن

964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.1.16، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی کۆیە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماری ساڵی رابردووی 2024ی ئاشکراکرد و رایگەیاند، هۆکاری زۆربەی رووداوەکانی هاتوچۆی ساڵی رابردوو لە رێگەی کۆیە – هەولێر بارهەڵگرەکانن.

لە ئامارەکەدا باس لەوەکرا، ساڵی رابردوو لە سنووری قەزای کۆیە 201 رووداوی هاتوچۆ روویداوە، کە 110 رووداو لە جۆری پێکدادان بووە، 65 رووداو لە جۆری وەرگەڕان بووە، 24 رووداو لە جۆری شێلان بووە، دوو رووداویش لە جۆری سووتان بووە.

لە کۆی ئەو رووداوانە 19 کەس گیانیان لە دەستداوە، کە 16 کەسیان لە رەگەزی نێر بووە و سێ کەس لە رەگەزی مێ بووە، ژمارەی برینداربووەکانیش 254 کەسە، 146 یان رەگەزی نێرە و 108 کەسیان رەگەزی مێیە.

سەنگەر سەڵاح، بەڕێوەبەری هاتوچۆی کۆیە، بە 964ـی وت، زۆربەی ئەو رووداوانەی کە لە ساڵی رابردوو روویداوە پشکی شێر بەر رێگەی کۆیە – هەولێر دەکەوێت، ئەویش بە هۆی ئەوەی لەو ساڵەدا بارهەڵگرەکان بە زۆری بەو رێگەیەدا هاتوچۆیان دەکرد و لۆدێکی زۆریان لە رێگەکە دروستکردبوو.

سەنگەر سەڵاح، وتیشی، “ئامارەکانی مردنی ساڵی 2024 بەراورد بە ساڵی 2023 زیادی کردووە، لە ساڵی 2023 تەنها نۆ کەس گیانیان لە دەستدا بەڵام لە ساڵی 2024، 19 کەس گیانیان لە دەستداوە، هۆکارەکەشی زیادبوونی قەرەباڵغییە لە رێگە سەرەکییەکانی سنووری قەزای کۆیە و دەوروبەری”.

هەر لە ئامارەکەدا لە ساڵی 2024 ئەو ئۆتۆمبێلانەی پشکنینی بۆ کراوە ژمارەیان 17 هەزار و 782 ئۆتۆمبێلە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە مۆڵەتی شۆفێرییان دەرهێناوە هەزار و 267 کەسە.

لە کۆیە بۆ هەولێر؛ خێرایی و تێپەڕاندنی هەڵە باوترین هۆ...

لە کۆیە بۆ هەولێر؛ خێرایی و تێپەڕاندنی هەڵە باوترین هۆکاری رووداوی هاتوچۆیە

هاتوچۆی کۆیە: کامێراکانی خێرایی هەشت ئۆتۆمبیل بەیەکەو...

هاتوچۆی کۆیە: کامێراکانی خێرایی هەشت ئۆتۆمبیل بەیەکەوە دەبینن