لە گوندێکی هەڵەبجە دوو کەس بەتۆمەتی دزینی محاویلەی کارەبا دەستگیر کران - وێنە: پۆلیسی هەڵەبجە
لە گوندێکی هەڵەبجە
دوو کەس محاویلەیەکی کارەبایان دزی؛ بۆیان نەچووەسەر و دەستگیرکران
964+
شۆڕش قادری
لە گوندی دەرەشیشی خواروو لە پارێزگای هەڵەبجە، دوو کەس محاویلەیەکی کارەبایان دزی و لە سلێمانی فرۆشتیان، پۆلیس و ئاسایش پێیانزانی و دەستگیریان کردن.
ئاکام قوتبەدین وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە 964ـی وت، “دوای ئەوەی لەلایەن هاوڵاتییەکەوە سکاڵا تۆمار کرا لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، سەبارەت بەوەی محاویلەی کارەباکەی دزراوە لە گوندی دەرەشیشی خواروو، دەستبەجێ لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە دەست کرا بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون”.
“پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی هەڵەبجە، دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (س.ح.م) تەمەن 32 ساڵ و (ژ.ح.م) تەمەن 24 ساڵ دەستگیر کران کە دانیشتووی ناو شاری هەڵەبجەن”، ئاکام قوتبەدین وای وت.
ئاشکراشیکرد، ئەو دوو کەسە محاویلەکەیان بردووەتە شاری سلێمانی و فرۆشتوویانە، بەڵام دوای دەستگیرکردنیان، پۆلیس چووە محاویلەکەی دۆزیوەتەوە و داویەتییەوە بەو هاوڵاتیەی لێی دزراوە.
وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە وتیشی، تۆمەتباران لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و ئێستا راگیراون، هاوکات سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزووری کرد لەوەی کە، هاوکاربوون لە دەستگیرکردنی تۆمەتباران.