لەسەر رێگای زاخۆ
ژنێک ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕا و گیانی لەدەستدا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لەسەر رێگای زاخۆ شۆفێرێکی ژن ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕا و گیانی لەدەستدا.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 14.1.2025 ژنێک بەناوی تابان چیا شەفیق تەمەن 24 ساڵ لەسەر رێگای زاخۆ بۆ ناو شار کۆنتڕوڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەستدا و ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕا، دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
موقەدەم بێکەس عەبدولعەزیز، بەرپرسی بەشی هاتوچۆی ناو شاری زاخۆ بە 964ـی وت، ” ئەو رێگایەی رووداوەکە تیایدا روویداوە، سەرەولێژە و خێرایی ئۆتۆمبێل زیاد دەکات، بۆیە پێدەچێت ژنەکە نەیتوانیبێت کۆنتڕوڵی ئۆتۆمبێلەکەی بکات”.
ئەمیر عەلی، وتەبێژی تەندروستی زاخۆ لەسەر رووداوەکە بە 964ـی وت، ” لەکاتی هێنانی بۆ نەخۆشخانە، ژنەکە گیانی لەدەستدابوو، بۆیە پزیشکەکان هیچیان لەدەست نەهات و تەرمەکە ئێستا لەپزیشکی دادی زاخۆیە”.
ئەمە دەبێتە یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدانی کەسێک بە رووداوی هاتوچۆ لە ساڵی 2025 لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری