چیرۆکەکەى خەمگینە
لە رۆژى لە دایکبوونی و دوای نەشتەرگەرى جوانکارى گیانى لەدەست دا
964+
دیلان محەمەد جەزا- سلێمانى
ئەو ژنەى لەدواى نەشتەرگەرى جوانکارى لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانى سلێمانى گیانى لەدەست دا، ئەمڕۆ یادى لەدایکبوونى بوو.
درەنگانێکى شەوى رابردوو، لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانى شارى سلێمانى، دواى ئەنجامدانى نەشتەرگەرى راکێشانى چەورى ورگ، ژنێک گیانى لەدەست دا.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بۆ 964 پشتڕاستى کردەوە کە درەنگانێکى شەوى رابردوو ژنێک دواى نەشتەرگەرى گیانى لەدەست داوە و دواتر ئەو پزیشکەیان دەستگیرکردووە کە نەشتەرگەرییەکەى ئەنجامداوە.
باسی لەوەشکرد، پزیشکەکە بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراوە و لێکۆڵێنەوە لە رووداوەکە بەردەوامی هەیە، چاوەڕوانن بگەن بە ئەنجامی کۆتایی.
چیرۆکى ناخهەژێنى ئەو رووداوە ئەوەیە، کەسوکارەکەى بە 964یان وت کە ئەمڕۆ رۆژى لە دایکبوونى بووە، بەڵام لە جیاتى ئاهەنگى لەدایکبوون سپاردەى خاکیان کردووە و پرسەیان بۆ داناوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح