سلێمانى
وردەکارى چیرۆکى ئەو ژنەى بەهۆى نەشتەرگەریى جوانکارییەوە گیانى لەدەست دا
964+
دیلان محەمەد جەزا- سلێمانى
بەهۆى نەشتەرگەرى راکێشانى چەورى ورگ، ژنێکى تەمەن 41ـى دانیشتووى سلێمانى، گیانى لەدەست دا و پزیشکەکەش دەستگیرکرا.
دوێنێ دووشەممە، لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانى شارى سلێمانى، دواى ئەنجامدانى نەشتەرگەرى راکێشانى چەورى ورگ، ژنێک گیانى لەدەست دا.
محەمەد دڵشاد کە خوارزاى ئەو ژنەیە، بۆ 964 قسەى کرد و وتى،” ئێوارەى دوێنێ پورم نەشتەرگەریى راکێشانى چەورى ورگى لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانى سلێمانى کردووە، بەڵام دواى نەشتەرگەرییەکە و لە کاتژمێر 10:00ـى شەوى رابردوو، گیانى لەدەستداوە”.
وەک باسى دەکات، لە کات و لە پێش نەشتەرگەرییەکە پشکنینى ئیکۆى دڵ بۆ نەخۆشەکەیان ئەنجام نەدراوە و بەهۆیەوە گیانى لەدەست داوە.
ئێستا تەرمى ژنەکە لە پزیشکى دادى سلێمانییە و تۆێکارى بۆ دەکرێت، بەقسەى خوارزاى ئەو ژنەی گیانى لەدەست داوە، ئەمڕۆ رێکارەکانى سکاڵاکردن لە پزیشکەکە تەواو دەکەن، هەرچەندە پزیشکەکە دەستگیرکراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح