سەنتەری شاری کەرکوک .وێنە :964
زەوییەكان دابەش كراون
كەركوك رێگاكانی ناوشار بەرەو خەندەق دەكاتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئیدارەی پارێزگای کەرکوک لەوە دەكۆڵیتەوە لادانی رێگا ئەمنییەکان بەرەو خەندەقی دەوروبەری شارەكە بكاتەوە، راگەیاندنی شارەوانیی كەركوكیش دەڵێت، دابەشكردنی زەوی لە دەوروبەری شار، وا پێویست دەكات چارەسەری خەندەقەكە بكرێت.
راگەیاندنی پارێزگای كەركوك بڵاویكردەوە، رۆژی دووشەممە 13.1.2025 جێگری پارێزگار بۆ کاروباری تەکنیکی ئەندازیار قاسم ئیبراهیم حافز سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەكی كرد بە ئامادەبوونی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک بۆ کاروباری ناوخۆ و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا فریشتە زیا شیبا.
کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی لادانی رێگاکانی خەندەقی ئەمنی بوو لە جەرگەی شاری کەرکوک و بەشداریکردن لە کارئاسانیکردنی رێکارەکان بۆ شارەوانیی کەرکوک و کۆمپانیای جێبەجێکار، بۆ کردنەوەی رێگاکان لەو ناوچانەی بە زانکۆی کەرکوک تێدەپەڕن بەرەو قەزای پیشەسازی، هەروەها شەقامەكانی یەكی ئادار و ئەلسەیدە و دۆمێزی باشوور و ناوچە جیاجیاكانی ناو شاری كەركوك.
لەم بارەیەوە عەدنان شوكر بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی كەركوك بە 964ی راگەیاند، ماوەیەكە دیراسەی ئەوە دەكرێت رێگاكانی خەندەق بكرێنەوە و تەنانەت بیر لە گواستنەوەی خەندەقەكانیش كراوەتەوە، بە تایبەتی ئەوەی دەكەوێتە ناوچەی زانكۆی كەركوك، چونكە زەوییەكان دابەشكراون بەسەر هاوڵاتیان و مامۆستایانی زانكۆ و تەنانەت دابەشكردنی زەوی بە بڕیاری 416 لە كەركوك بەردەوامە، خاوەن زەوییەكانیش دەیانەوێت بیكەن بە خانوو، بۆیە لە ماوەیەكی نزیكی داهاتوو بڕیار لە بارەی رێكخستنەوەی ئەو رێگا و ناوچانە و خەندەقی دەوروبەری شاریش دەدرێت.
پێش رووداوەكانی 2017ی كەركوك، پێشمەرگە خەندەقی لە دەوروبەری شاری كەركوك لێدابوو بۆ راگرتنی دزەكردنی چەكدارانی دا*عش*، ئێستاش ئەو خەندەقانە پێویستیان بە گۆڕانكاری و دەستكاریكردنی رێگە و ناوچەكانیان هەیە.