سه‌رۆكی رێكخراوێكی ژینگه‌یی:
“با سەرۆكی حكومەت ئەمجارە خۆی چاودێریی بڕیارەكانی بكات”
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
سه‌رۆكى رێكخراوێكی ژینگه‌یی ده‌ڵێت، به‌و بڕیاره‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت كه دوێنێ یه‌كشه‌ممه له باره‌ى چاره‌سه‌ركردنى پیسبوونى ژینگه ده‌ریكردووه، ده‌بێته شەشه‌مین بڕیاری له‌مشێوه‌یه و تا ئێستاش وه‌ك پێویست جێبه‌جێ نه‌كراون، داواش له سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌كات ئه‌مجاره خۆى چاودێریی جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ى بكات.
مەعروف مەجید، سه‌رۆكى رێكخراوى ئاینده بۆ پاراستنى ژینگه، به 964ـى وت، بەپێی بەدواداچونەكانیان، لە ماوەی ساڵانی 2015 تا 2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و پارێزگاری هەولێر و دەستەی ژینگە، شەش جار بڕیاریان له‌باره‌ى پسیبوونى ژینگه ده‌ركردووه و كه‌چی پیسبوونى ژینگه‌ش هه‌روه‌ك خۆیه‌تى.
وتیشی “تا ئێستا جگه له سه‌رۆكى حكومه‌ت و پارێزگارى هه‌ولێر، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سێ جار بڕیاری بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییانە دەرکردووە، بەڵام هیچ کام لە بڕیارەکان جێبەجێ نەکراون”.
یه‌كه‌مین بڕیار له ساڵی 2015 له‌لایه‌ن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان دەرچوو. ئه‌وكات به‌قسه‌ى وه‌زاره‌ته‌كه 40 پاڵاوتگەی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان هەبوون.
ساڵی 2018 جارێکی دیکە هه‌مان وەزارەت بڕیاری داخستنی بۆ پاڵاوگە نایاسییەکان دەرکرد و ماوەی 60 رۆژیشی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دیاریکرد.
ساڵی 2019 جارێكی دیكه هه‌مان وه‌زاره‌ت بڕیارى بۆ داخستنی پاڵاوگەکان دەرکرده‌وه، ئه‌وكات راگەیاند كه 169 پاڵاوگەی نایاسایی هەن.
له رۆژی 8.2.2021 مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران واژۆی لەسەر فەرمانی ژمارە 483 کرد کە تایبەت بوو بە داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان.
له رۆژی 4.8.2024 ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر رایگەیاند، لەپێناو ژینگەى پارێزگاکە، بڕیاریانداوە لەماوەى 10 رۆژدا سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکانى پارێزگاکەى دابخات کە ژمارەیان 138 پاڵاوتگەیە.
کۆتا بڕیاریش رۆژی یەکشەممە 12.1.2025 بوو كه سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک.
سه‌رۆكى رێكخراوه‌كه داوا له سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌كات راستەوخۆ چاودێریی جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌یان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى وەک بڕیارەکانی ساڵانی پێشوو به جێبەجێ نەکراوه‌یی بمێننه‌وه.
به‌پێی ئه‌و داتایانه‌ى كه رێكخراوه‌كه به 964ـى داوه، لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 192 پاڵاوگە هەن، تەنیا سێ لەو پاڵاوگانە یاسایی و فه‌رمین، ئەوانیش پاڵاوگەکانی (کار، قه‌یوان، تاوکێ)ـن و له‌و ژماره‌یش ته‌نیا 23 موڵه‌ت پێدراون.
لە سنووری پارێزگای هه‌ولێر 140 پاڵاوگەی نایاسایی و له سنووری پارێزگای سلێمانی 24 پاڵاوگە و له سنووری پارێزگای دهۆکیش 28 پاڵاوگە هه‌ن.