قەڵادزێ و رانیە بۆ سلێمانى
هاوڵاتیان رێگەى بنگردیان داخست
964+
محەمەد عەلی- مەرگە
بەشێک لە دانیشتوانى بنگرد گردبوونەوە و رێگاى هاتوچۆى ئیدارەى راپەڕین بۆ سلێمانیان داخست و دەشڵێن، وەک جارەکانى دیکە نییە بە رۆژێک و دوان کۆڵ بدەن.
کەمى کارەباى نیشتمانى و خراپى رێگاوبانەکانى سنوورەکە و نەبوونى خزمەتگوزارى لە ناو بنگرد، واى لە دانیشتوانەکەى کرد ئەمڕۆ گردببنەوە و رێگاى دەربەند بۆ دووکان، دابخەن.
هاوڵاتیان بە شۆفڵ و گەڵابە گڵیان خستووەتە سەر رێگەکە و بە تەواوەتى دایانخستووە.
رێگەى بنگرد، رێگەى دانیشتوانى ئیدارەى راپەڕین و بە تایبەت سنوورى پشدەرە بۆ دووکان و سلێمانى.
ماوەى شەش رۆژە رێگاى سەرەکى ئیدارەى راپەڕین بۆ سلێمانى کە رێگاى چوارقوڕنە دوکانە، لە نزیک کانى وەتمان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخراوە، بەمەش دوو رێگاى سەرەکى گەیشتنى هاوڵاتیانى سنوورى ئیدارەى راپەڕین بۆ سلێمانى داخراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح