عەلی حەمە ساڵح: رۆژانە 100 ملیۆن دۆلار دەچەتە دەرەوە

964+

توانا نەقی

عەلی حەمەساڵح ئاشکرای دەکات کە رۆژانە 100 ملیۆن دۆلار لە کوردستان دەچێتە دەرەوە، باس لەوەشدەکات کە دۆلارەکانی کوردستان بە سێ وڵاتدا دەگەنە ئێران، دەڵێت: لە سێ ساڵدا بایی 10ملیار دۆلار موڵک لە تورکیا کڕدراوە.

ئەمڕۆ پێنجی شوبات، عەلی حەمە ساڵح، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا بەدواداچوونی مانگێکی خۆی لەسەر هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی دۆلار ئاشکرا کرد.  

عەلی حەمە ساڵح، ئاشکرای کرد کە رۆژانە لە هەرێمی کوردستانەوە 100 ملیۆن دۆلار بۆ تورکیا و ئیمارات و ئێران دەڕوات کە هەمووی بەبێ بەڵگەنامە و لە دەرەوەی سیستمی بانکی بووە.

وتیشی “دەتوانم لە ماوەی یەک دەقە 10 ملیۆن دۆلار رەوانەی تورکیا بکەم بێ ئەوەی کەس بڵێت بۆ کوێی دەبەیت، لەوێشەوە دەینێرم بۆ ئیمارات و ئینجا بۆ ئێران”.

ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی گۆڕان، ئەوەشی روونکردەوە کە پێشتر بە بەڵگەنامەی ساختەکراو ئەوە دەکرا، بۆ نمونە بەڵگەنامەیەک هەیە کە لە سنووری سلێمانی ملیۆنێک سەلاجە هێنراوەتە کوردستان، هەر سەلاجەیەک بە چوار هەزار دۆلار، واتە چوار ملیار دۆلار دراوە بە سەلاجە.

عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت: لەماوەی سێ ساڵدا لە تورکیا 21 هەزار موڵک کڕدراوە، ئەگەر یەکی بە 50 دەفتەریش بێت ئەوا بەهایەکەی دەکاتە 10ملیار دۆلار، تەنانەی لە دوبەی موڵکی زیاتریش کڕاون.

وەک چارەسەریش دەڵێت، ئەگەر بردنە دەرەوەی ئەو هەموو دۆلارە رابگیرێت بەو شێوازە لە دەرەوەی سیستمی بانک و بەبێ بەڵگە، ئەوا ناگاتە پێنج رۆژی دیکە نرخی دۆلار دێتەوە 150 هەزار دینار.