لە مێژوودا رووداوێک روویداوە
ژمارەیەک ئاژەڵدار: نەمان بینیوە مەڕ و بزن نزای باران بارین بکەن
964+
ئاکام غەفوور – سۆران
ژمارەیەک دیمەنی ڤیدیۆیم پێیە و دەچمە دۆڵی ئالانە لە قەزای خەلیفان، بەدوای ژمارەیەک ئاژەڵدار دەگەڕێم، دەمەوێ وەڵامی ئەو پرسیارە دەستبخەم، ئەوان بینیویانە ئاژەڵەکانیان، لە بێ بارانیدا نزا بکەن.
لێرە مام ئیسماعیلم دۆزییەوە، 33 ساڵە کار و مامەڵەی لەگەڵ مەڕ و بزنەکانیەیی، پاش چاک و چۆنی دیمەنەکانم نیشان و وتم، ئەنگۆ لێرەنە، ئەو دیمەنانە بڵاوبوونەتەوە هی نزا کردنە؟
مام ئیسماعیل محەمەدی ئاژەڵدار، کە لە ڤیتییەکەدا دەردەکەوێت بە 964ی وت، ئەو دیمەنانە ئەسڵ و ئەساسی نییە، هەندێک جار لە گێژ بوون یاخود، ئاژەڵەکان کرم لەسەریاندا بێت ئاژەڵەکان وا دەکەن.
ماوەیەکە لێرە و لەوێ نوێژە بەبارانە دەکرێ، زیاتر لە دوو هەفتەیە کوردستان کەوتووەتە ناو وەرزی زستان بەڵام، بێ بارانییە؛ خەڵکانێک هەن دەڵێن، باران ئەوەندە دواکەوتووە، ئاژەڵەکانیش وەک مرۆڤ نزا دەکەن و دەپارێنەوە، زۆرجاریش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەسانێک بەبێ بوونی سەرچاوە، خەڵک ئاڕاستە دەکەن.
ئاژەڵدارەکان وایان تێگەیاندین، چیرۆکی پشت ئەو دیمەنانە تەنیا بابەتێک بوو بۆ تۆرەکۆمەڵایەتییەکان، بەڵام لە روانگەی ئاینەوە لە مێژوودا نزایەکی مێرووەکان بارانی باراندووە.
تەها عەبدوڵا، مامۆستای ئاینی بە 964ی وت، ئێمەی مرۆڤ لە زمان و گفتوگۆی ئەوان ناگەین، لە سەردەمی حەزرەتی سولەیمان، ویستراوە نوێژە بەبارانە بکرێ، دواتر زانراوە کە مێرووەکان نزای بێ بارانیان کردووە و داواکەیان لەلای خودا قبوڵ بووە.
لە شارەکانی کوردستان، بڕی باران بارینی 24 کاتژمێری کە تا 20 ملیم و 40 ملیم رۆشتووە، تائێستا بە دڵی کشتوکاڵی ناوچەکان و جوتیار و خەڵکی خانەخوێ نییە، چەند رۆژێکە جگە لە خۆر ئاسمانی زۆرێک لە ناوچەکان بارانی بەخۆیەوە نەبینیوە، هەرچی بێت هیچ لەو راستییە کەمناکاتەوە، مرۆڤ و ئاژەڵ زیندەوەرن و زۆرێک لە پێویستییەکانیان هاوبەشە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا