دوای 28 مانگ یەکلابوونەوە
لوبنان سەرۆک کۆماری نوێی هەڵبژارد.. بەشارو حیزبوڵا رێگایان بۆ خۆشکرد
964+
ژووری هەواڵ
هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لوبنان کێشمە کێشم و ململانێیەکی زۆری ویست، ئەمڕۆ دوای 26 مانگە پەرلەمان دەنگی بۆ سەرۆکی نوێیداو بۆ شەش ساڵی داهاتوو (جۆزێف عەون) فەرماندەی سوپا لەسەر ئەو کورسییە پڕ گرێوگۆڵە دەدەنیشێت.
مانگی 11ی ساڵی 2022 ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆک کۆماری پێشوو (میشال عەون) کۆتایی هات، لە 12 دانیشتندا بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە پەرلەمان شکستی هێنا لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێ، بەڵام دوای کەوتنی رژێمی ئەسەد و لاوازبوونی حیزبوڵا رێگە خۆش بوو بۆ ئەوەی پەرلەمان بگاتە بڕیارێکی یەکلاکەرەوەو ئەمڕۆ پێنجشەممە 09.01.2025 پەرلەمان پۆستەکەی یەکلاکردەوە.
لە لوبنان عورفێکی سیاسی هەیە دەبێت بەردەوام سەرۆک کۆمار (کریستیانی مارۆنی) بێت و سەرۆک وەزیران (موسوڵمانی سوننە)و سەرۆکی پەرلەمان (موسوڵمانی شیعە) بێت، لەناو کریستیانە مارۆنییەکان ناوی جۆزێف عەون لە هەموویان بەهێزتر بوو بۆ ئەو پۆستە.
جۆزێف عەون بەهۆی پۆستەکەی ئێستایەوە (فەرماندەی سوپا) کەسێکی کاریگەرەو پێشتر هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان پشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕی، هاوکات پشتیوانی ئەمریکییەکانیشی لەگەڵەو رەنگە رۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبێت لە راگرتنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا.
ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی لوبنان 128 کورسین، هەر کاندیدێک بۆ ئەوەی لە گەڕی یەکەمدا ببێتە سەرۆک دەبێ دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەست بهێنێت کە دەکاتە 86 دەنگ، بەڵام جۆزێف عەون لەگەڕی یەکەمدا 71 دەنگی بەدەستهێنا، بۆیە (نەبی بڕڕی) سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی بۆ دوو کاتژمێر دواخست.
لەگەڕی یەکەمدا دەنگەکان بەم شێوەیە دابەش بوو بوون:
جۆزێف عەون: 71 دەنگ
دەنگی سپی: 37 دەنگ
دەنگی رەتکراوە: 20 دەنگ، ئەمانە زۆربەیان نوسیبوویان ”سەروەری و دەستور”.لەگەڕی دووەمی دانیشتنەکەدا جۆزێف عەون بە دەنگی 99 ئەندام پۆستەکەی بۆ یەکلابووەوەو بۆ شەش ساڵی داهاتوو سەرۆک کۆماری لوبنانە.
فڕۆکەکانی عێراق دەچنەوە لوبنان؛ دووشەممەی داهاتوو دیاری کراوە