دوێنێ لە سلێمانی گردبوونەوە
بۆچى ژمارەیەک خاوەنى ئۆتۆمبێلى بێ سەرەتا دەستگیرکران؟
964+
دیلان محەمەد جەزا
دواى ئەوەى دوێنێ ژمارەیەک لە خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانى سلێمانى گردبوونەوە و دواتر لەگەڵ پۆلیسى چالاکییە مەدەنییەکان تووشى بەیەکدادان بوون، شەوى رابردوو چەند کەسێکیان لێ دەستگیرکران.
سەرچاوەیەک لە ئاسایشى سلێمانى بە 964ـى وت،”لە گردبوونەوەکەى دوێنێ ژمارەیەک لە خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان توندوتیژیان دژى پۆلیسى چالاکییە مەدەنییەکان ئەنجامداوە و هێرشیان کردوونەتەسەر”.
دەشڵێت: لە شەوى رابردووەوە چەند کەسێکیان دەستگیرکراون و لە بارەى دروستبوونى گرژییەکانى دوێنیوە، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
وەک باسى دەکات، تەنیا ئەوانە دەستگیرکراون کە ئاژاوەیان دروستکردووە و دەستگیرکردنیشیان لەسەر بڕیارى دادوەر و بەپێى مادەى 10ـى یاساى خۆپیشاندان بووە.
مادەى 10 لە یاساى خۆپیشاندان، بەندکردنى تا یەک مانگ و پێبژاردنى 50 تا 500 هەزارى تێیدایە
لە گردبوونەوەکەى دوێنێى خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکاندا، بۆ ماوەیەک رێگاى سەرەکیى بەردەم پارێزگاریان گرت و دواتر بۆ کردنەوەى رێگەکە ئاڵۆزى لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانى چالاکییە مەدەنییەکان دروستبوو و تەقەى هەوایى و شەڕە بەرد و گازی فرمێسكڕێژى تێکەوت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح