"درەنگانی شەو کاتێک کارەبا بڕاوە، کەتنەکەیان کردووە"
لە گوندێکی زەڕایەن محاویلەیەکی کارەبا رووتکرا و مسەکەی ناوی دزرا
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
لە وڵاتان خەڵک و هاونیشتمانی پڕۆژەی جۆراوجۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دەداتە حکومەت و بەرپرسان، لێرە محاویلەی کارەبا بە ئاسمانەوە رووتدەکرێتەوە و دەستوبردی لێدەدرێت، لە گوندی قەرەگۆلی سەربە ناحیەی زەڕایەن محاویلەیەکی کارەبا کە بۆ باخێکی هاوڵاتییەک دانرابوو، لێکرایەوە و مسەکەی ناوی دزرا.
بەختیار محەمەد لێپرسراوی هۆبەی سیانەی کارەبای نەسر لە ناحیەی زەڕایەن بە 964ـی وت، “لە سنوری گوندەکان کارەبای نیشتمانی تا کاتژمێر 12ـی شەو یان چەند کاتژمێرێک دواتر هەیە و دوای ئەوە دەبڕدرێت، چەند کەسێکیش نەبوونی کارەبایان بەهەل زانیوە و درەنگانێکی شەو، محاویلەی کارەبای هاوڵاتییەکەیان داگرتووە و مسەکەیان بردووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هاوڵاتییە محاویلەکەی بۆ بەکار هێنانی بیر و ئاوەدانی باخەکەی بەکارهێناوە.
بەختیار محەمەد وتیشی، “دوای بردنی محاویلەکە، هێزە ئەمنییەکانمان ئاگادار کردووەتەوە و هەوڵەکانمان بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرەداوێکمان دەست نەکەوتووە”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری