لە مەرزەکانەوە
هەناردەکردنی فافۆن و قوڕقوشم و پاتری شکاو راگیرا
+964
کامیار کەمال – پێنجوێن
هەناردەکردنی فافۆن و قوڕقۆشم و پاتری شکاو لە مەرزەکانی هەرێمی کوردستان راگیراوە و لە پێناو ئەوەی بەکاربهێندرێتەوە لە وەبەرهێنانی پاتری لە ناوخۆی کوردستان.
شاخەوان بەکر بەڕێوەبەری گومرکی باشماخ بە 964ـی راگەیاند، بڕیارەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووە و بۆ هەموو مەرزەکانی هەرێمی کوردستانە و لە رۆژی 12.1.2025ەوە جێەجێ دەکرێت.
وتیشی، لە هەمان کات رەسمی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ بۆ پاتری ئۆتۆمبێل بە رێژەی لە %30 زیادکراوە و واتا بۆ هەر تۆنێک باتری هاوردەکراو لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئەگەر پێشتر 100دۆلار وەرگیرابێت ئەوا لەمەودوا 130دۆلار وەردەگیرێت.
باسی لەوەشکرد، بڕیاری راگرتنی قوڕقۆشم و پاتری شکاو و فافۆن بۆ ئەوەیە جارێکی دیکە ریسایکل بکرێتەوە و لە وەبەرهێنانی پاتری لە هەرێمی کوردستان و لە کارگەی تایبەت بە دروستکردنی پاتری ئۆتۆمبێل لە پارێزگای سلێمانی بەکارئەهێندرێتەوە.
پێشتر پاتری شکاو و فافۆن و قوڕقوشم بە زۆری دەنێردرایەوە ئێران و لەوێ بە کارگەکانی ریسایکلین دەفرۆشرایەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی