تەمەنى 70 ساڵە و لە ناو گوندى میرەدێ بڕدراوە
جارێکى دیکە درەختێکى بەتەمەن بوو بە قوربانى تەورى داربڕ
964+
وریا فەتاح
لە گوندى میرەدێى ناحیەى زەڕایەنى سنوورى سلێمانى، درەختێکى بەتەمەن بڕدرایەوە و تۆمەتباریش دەستگیرکرا، لەماوەى هەشت رۆژى ساڵى نوێشدا 11 هاوڵاتى لە سنوورى سلێمانی لەسەر داربڕین دەستگیرکراون
لە کۆتا رۆژەکانى ساڵى رابردووش لە سیتەک دارێکى تەمەن 200 ساڵ بڕدرایەوە
هێمن کەمەرخان، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بە 964ـى وت،” ئاگادار کراینەوە کە لە ناو ماڵەکانى گوندى میرەدێ سنوورى ناحیەى زەڕایەن، درەختێکى تەمەن 70 ساڵ لەلایەن هاوڵاتییەکەوە بڕدراوەتەوە”.
تەنیا لە هەشت رۆژى ساڵى نوێدا، 11 هاوڵاتى لە سنوورى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى لەسەر داربڕین دەستگیرکراون
بە وتەى هێمن کەمەرخان، دەستبەجێ مەفرەزەیەکى بنکەى پۆلیسى دارستانى زەڕایەن گەیشتوونەتە شوێنەکە و دواى لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، توانراوە هاوڵاتییەک بە تۆمەتى بڕینى درەختە تەمەن 70 ساڵەکە دەستگیربکەن و پەڕاوى لێکۆڵینەوەشى بۆ کراوەتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، کەم رۆژ هەیە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى خەڵک لەسەر داربڕین دەستگیر نەکرێت و لە 30.12.2024ـیش، لە بەرزنجە درەختێکى تەمەن 200 ساڵ بڕدرایەوە و تۆمەتبارێکیش لەسەر ئەوە دەستگیرکرا.
بە وتەى هێمن کەمەرخان، لەرووى یاساییەوە بەپێى بڕینى جۆرى دارەکان تۆمەتبار سزاى دارایى دەدرێن.
بەپێى ئامارى کارو چالاکییەکانى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى، تەنیا لە هەشت رۆژى ساڵى نوێدا، 11 هاوڵاتى لە سنوورى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى لەسەر داربڕین دەستگیرکراون.