"جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح"
جیاواز لە کریستیانەکان ئەرمەنەکان ئەمرۆ جەژن دەکەن
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
بەپێی ساڵنامەی ئەرمەنەکان هەموو ساڵێک لە شەشی مانگی کانونی دووەم ئەرمەنەکان لە سەرتاسەری جیهان جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح دەگێڕن.
دوای جینۆسایدکردنی ئەرمەنەکان لە ساڵی 1915 لەلایەن عوسمانییەکان، رێژەیەکی زۆری ئەرمەنەکان لە جیهاندا ئاوارەبوون و ژمارەیەک خێزانی ئەرمەنەکان هاتنە کوردستان و بەشی هەرە زۆریان لە زاخۆ نێشتەجێبوون.
ئەرمەنەکان باوەڕیان وایە حەزرەتی مەسیح لە شەشی کانونی دووەم لەدایکبووە نەک 25ـی کانونی یەکەم، بۆیە هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا نوێژ دەکەن و جەژن دەگێڕن.
ئەمرۆ 6.1.2025 ئەرمەنەکانی زاخۆ لە کەنیسەی مریم عەزرا نوێژی جەژنیان کرد و دواتر جەژنیان لە یەکدی پیرۆزکرد.
داود هونان، نوێنەری ئەرمەنەکان لە ئیدارەی زاخۆ بۆ 964 راگەیاند، “زۆر دڵخوشین لە رۆژێکی خوش داین و لە کەنیسە نوێیەکەمان نوێژی جەژنمان کرد و جەژنمان لە یەکتر پیرۆزکرد، هیواخوازم ببێتە جەژنێکی ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان بۆ تەواوی خەلکی کوردستان”.
پێداچوونەوە: هاوبەش