ددیمهنى قوتابخانه‌یه‌ك و ژماره‌یه‌ك خانوو كه رێكخراوه‌كه دروستیكردووه... وێنه‌كان له سۆشیاڵ میدیاى رێکخراوێكی خێرخوازی ماڵی هاوکاران) وه‌رگیراوه.
"هیچ ڤیدیۆ و وێنەیەکی خێزانه‌كان بڵاوناكه‌ینه‌وه"
رێكخراوێك له ماوه‌ى هه‌شت مانگدا 15 خانوى بۆ خێزانه كه‌مده‌رامه‌ته‌كان دروستكردووه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
رێکخراوێكی خێرخوازی له ماوه‌ى هه‌شت مانگدا 15 خانوى بۆ خێزانه كه‌مده‌رامه‌ته‌كان دروستكردووه، چۆنیه‌تى ده‌ستنیشانكردنى ئه‌و خێزانانه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌م رێكخراوه‌وه رێكارى تایبه‌تى خۆى هه‌یه.
رێکخراوه‌كه ناوى (ماڵی هاوکاران) له ساڵى 2018 به فه‌رمى مۆڵه‌تى له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه وه‌رگرتووه و سنوورى كاركردنیشی له چه‌مچه‌ماڵ و ناحیه‌كانى شۆڕش و سه‌نگاوه وچه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌یه.
مامۆستا ئامانج فایەق کانی بەیتەشی، به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌م رێكخراوه به 964ـى وت، 15 خانووه‌كه له‌ماوه‌ى هه‌شت مانگی ساڵى 2024 دروستكراون و راده‌ستى ئه‌و خێزانانه‌ش كراوه.
وتیشی “ئه‌و خێزانانه‌ى سوودمه‌ندی ئه‌م خانوانه بوون بریتین له هەژار، منداڵانی بێ باوک، کرێچی و کەم ئەندامان”.
رێكخراوه‌كه رێكارى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌یه بۆ ده‌ستنیشانكردنى ئه‌و خێزانانه‌ى كه خانوویان بۆ دروست ده‌كات، چاودێری ژیان و گوزه‌رانیان ده‌كرێت و له‌رێگه‌ى مامۆستایانى ئایینى دراوسێ و ئه‌نجومه‌نى گه‌ڕەكیشه‌وه پرسیار له‌باره‌ى ژیانیان ده‌كرێت، دواى ئه‌وه‌ش ماوه‌ى شه‌شه مانگ تێستى ژیانیان ده‌كرێت ئێنجا خانووه‌كه‌یان پێده‌درێت.
كاتى پێدانى خانووه‌كه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له رێگه‌ى تۆماركردنى ڤیدیۆ‌و وێنه‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌موچاو رووخسارى ئه‌ندامانى ئه‌و خێزانانه پیشان ناده‌ن، چونكه مامۆستا ئامانج ده‌ڵێت “به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك كه‌سایه‌تى ئه‌ندامانى ئه‌م خێزانانه ده‌پارێزین و دوور له نمایشكردنى رووخساریان ئه‌و كاره‌یان بۆ ده‌كه‌ین”.
ئه‌و 15 خانووه‌ى دابه‌شی ئه‌م خێزانانه‌یان كردووه له سنووره‌كانى قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ، ناحیه‌كانى شۆڕش و سه‌نگاو بووه و 15 خێرانیش لێی سوودمه‌ند بوونه.
هه‌ر ئه‌وه‌نا، به‌ڵكو له‌وه‌ته‌ى ئه‌م رێكخراوه دامه‌زراوه جگه له‌و 15 خانووه، 148 خانووى دیكه‌ى بۆ خێزانه كه‌مده‌رامه‌ته‌كان، 74 قوتابخانه، 44 مزگه‌وت و چوار پرد و هۆڵى پزیشكى بۆ به‌شی ددانیان له سنووره‌كه‌یان دروستكردووه.
مامۆستا ئامانج باس له‌وه ده‌كات ئه‌وان بۆ كۆكردنه‌وه هاوكارى پشت به پاره‌ى كۆكراوه‌ى زه‌كات و ئه‌و كه‌سه خێرخواز و سه‌رمایه‌داره مام ناوه‌ندانەش ده‌به‌ستن كه له سنووره‌كه‌یاندا هه‌ن و بۆ دروستكردنى خانوو یان هه‌ر كارێكی دیكه ئه‌ركیان زۆر قورس ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌شێك له پێدوایستییه‌كانیان ده‌خه‌نه ئه‌ستۆ و ئه‌وانیش له‌سه‌ر خواستى خۆیان دابینى ده‌كه‌ن.
بۆ ئه‌مساڵى 2025 رێكخراوه‌كه پلانى دروستكردنى 23 خانووى تازه‌یان بۆ ئه‌م خێزانانه هه‌یه و بڕیاریشه له سه‌ره‌تاى مانگى شوباته‌وه ده‌ست به دروستكردنیان بكه‌ن.