4500 دۆنم زەوى گوندەکە کێشەى لەسەرە
دانیشتوانى گوندى تۆپزاوە بڕیاریاندا، خێوەت هەڵدەدەن و خۆپیشاندان دەکەن
964+
کاروان ساڵحى- کەرکوک
لەسەر کێشەى زەوییە کشتوکاڵییەکانیان، ئەمشەو دانیشتوانى گوندى تۆپزاوەى کەرکوک کۆبوونەوە و بڕیاریاندا پارێزەر دابین بکەن بۆ بەرگریکردن لەو سکاڵایەى کە سوپا لەسەرى تۆمار کردوون.
کۆی گشتی زەوەیە کێشە لەسەرەکانی گوندی تۆپزاوە چوار هەزار و 500 دۆنم زەوى کشتوکاڵییە
ماوەیەکى زۆرە جوتیارانى گوندى تۆپزاوەى کەرکوک گرفتارن بەدەست کێشەى زەوییە کشتوکاڵییەکانیانەوە، تا واى لێهات سوپاى عێراق سکاڵاى یاسایى لەسەر تۆمارکردن، هەر بۆیە ئەمشەو ریشسپى و پیاوماقوڵ و گەنجە خوێندەوارەکانى گوندەکە لە ناو خۆیاندا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و گفتوگۆیان کرد بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێک.
بەپێى دەرەنجامى کۆبوونەوەکە کە ناوەڕۆکەکەى بۆ 964 نێردراوە، دانیشتوانى گوندى تۆپزاوە، چەند بڕیارێکیان دا کە ئەمانەن:
یەکەم، دابینکردنی دوو پارێزەری پسپۆڕ و شارەزا بۆ بەرگریکردن لە جووتیاران و هاووڵاتیان لە دادگا لە سەر دۆسیەی سکاڵاکەی سوپا.
دووەم، رێکخستنی خۆپیشاندانی ئاشتییانە کە دواتر شوێن و کاتەکە رادەگەیەنرێت.
سێیەم، هەڵدانی خێمەی ناڕەزایەتی و راگەیاندنی مانگرتن تا داواکارییەکانمان جێبەجێدەکرێن، دواتر کات و شوێنی خێوەتەکە دیاری دەکەین.
چوارەم، تێچوی پارێزەر ودۆسییەکە لە ئەستۆی خەڵکی تۆپزاوەیە.
لاى خۆیەوە ساتع ناسیح نوێنەری دانیشتوانی گوندی تۆپزاوە بە 964ـی وت،” کۆی گشتی زەوەییە کێشە لەسەرەکانی گوندی تۆپزاوە چوار هەزار و 500 دۆنم زەییە کە وەزارتی بەرگری عێراق داوای دەکات”.
“لە ئێستادا لەسەر پێنج پارچە زەویی کە نزکەی 300 دۆنم زەوی دەبێت سوپای عیراق سکاڵاى تۆمارکردوە، رۆژی یەکشەممە 26 جوتیاری کوردی گوندی تۆپزاوە دەدرێنە دادگا”، نوێنەرەکەى گوندى تۆبزاوە واى وت.
باسى لەوەشکرد، بڕیارە سبەینێ کاتژمێر 11:00ـى پێشنیوەڕۆ سەردانی پارێزگاری کەرکوک بکەن و ئێوارەکەشی لە هۆڵی پرسەکان لە ناو گوندی تۆپزاوە، دواین پێشهاتەکان تاوتوێ دەکەن و بڕیارى نوێ دەدەن.