رەخنەی توندی بەدواداهات
عێراق بەرهەڵستكارێكی كوێتی رادەستی وڵاتەكەی كردەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی ناوخۆی عێراق كەسێكی كوێتی بە ناوی سەلمان خالیدی رادەستی حكومەتی كوێت كردەوە، كە لە وڵاتەكەیدا چەند تۆمەتێكی لەسەرە و وەك بەرهەڵستكاری حكومەتی وڵاتەكەی داواكراو بوو.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق كۆپییەكی لە فەرمانی دەستگیركردنی دەرهەق بە سەلمان خالیدی بڵاوكردەوە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئەو بەرهەڵستكارە لە لایەن عێراقەوە رادەستی كوێت كرایەوە.
بە گوێرەی ئەو فەرمانانەی وەزارەتی ناوخۆ بڵاویكردەوە و لە لایەن داواكاری گشتیی كوێت و لایەنی ئەمنیی ئەو وڵاتەوە دەرچووە، 11 تۆمەت ئاراستەی خالیدی كراوە و بۆی هەیە دوای دادگایی بۆ ماوەی 66 ساڵ زیندانی بكرێت.
بڵاوكردنەوەی فەرمان و بەڵگەنامەكان دوای ئەوە دێت، كاتێك سەلمان خالیدی لە لایەن پارێزگاری بەسڕە ئەسعەد عیدانی رادەستی كوێت كرایەوە، رەخنەی توند ئاراستەی ئەو پارێزگارە كرا.
سەلمان خالیدی دژی بەرپرسانی وڵاتەكەیەتی و بیروڕای سیاسی دژی دەسەڵاتدارانی كوێت بڵاودەكاتەوە، بۆیە 11 فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە.