لە کارگەیەكی پیرەمەگروون
کرێکارێک لە کاتى کاردا سێ پەنجەى قرتا
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە 2.1.2024، لە کاتى کارکردندا کرێکارێک لە کارگەیەکى لەتکردنى تایە، دەستى دەکەوێتە ناو ئامێرى لەتکردنى تایەکان و سێ پەنجەى دەقرتێت، خاوەنى کۆمپانیاکەش دەڵێت، هەرچی پێویست بێت بۆی دەكەن.
رووداوەکە لە کارگەى ژیرکۆ بۆ لەتکردنى تایەى ئۆتۆمبێل کە دەکەوێتە سنوورى ناحیەى پیرەمەگروون لە سلێمانى، روویداوە.
کامەران ئیبراهیم، بەڕێوەبەرى كارگەی ژیركۆ بە 964ـى وت، ئێوارەى ئەمڕۆ، كرێكارێكمان پەنجەی بەر ئامێری لەتكردنی تایەكە كەوتووە، هۆكارەكەشی بێئاگایی كرێكارەكە خۆی بووە، چونکە هەموو مەرجەكانی سەلامەتی لە كارگەكەدا هەیە”.
كرێكارەكە ناوی عەزیز مستەفا مورادخانە و خەڵكی مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستانە، تەمەنی 53 ساڵە
بە وتەى کامەران ئیبراهیم، تەواوی تێچووی چارەسەرى کرێکارەکە و کرێى تا كاتی گەڕانەوەى بۆ سەرکار دەگرنە ئەستۆى کارگەکە.
وەک باسى دەکات، 25 كرێكار لە كارگەكەدا بە رۆژانەی 20 هەزار دینار هەشت کاتژمێر کار دەکەن.
“کارگەکە تایبەتە بە لەتکردنى تایەى ئۆتۆمبێل، کە بۆ ئاگرى ناو کورەى ئاگر و دروستکردنى یاریگەى تاتان، سوودى لێدەبینرێتەوە”، بەڕێوەبەرى كارگەی ژیركۆ واى بە 964 وت.
لاى خۆیەوە ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری كارگێریی نەخۆشخانەی پیرەمەگروون بە 964ـى وت، “كرێكارەكە سێ پەنجەی دەستی چەپی قرتاوە، لە نەخۆشخانەی پیرەمەگروون چارەسەرى سەرەتایی بۆ كراوە، تەندروستی جێگیربووە، بەڵام پێویستی بە نەشتەرگەری بووە و لەبەرئەوە دوای چارەسەری سەرەتایی رەوانەی نەخۆشخانەكانی شارى سلێمانی كراوە”.
بە وتەى بەڕێوەبەرى کارگەکە، كارگەكەیان بە دۆستی ژینگە ناسراوە، تاكە كارگەیە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بۆ لەتکردنى تایە، لە سەرجەم پارێزگاكانی دیكەی هەرێمەوە تایەكۆنەكان دەبردرێن بۆ ئەم كارگەیە و لەتدەكرێن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح