خاوەنەکانیان گردبوونەوە

مۆلیدەی سەرجەم گەڕەکەکانی کەرکوک کوژێندرانەوە

964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک

بەهۆی دیارینەکردنی نرخی ئەمپێری  کارەبای مۆلیدە بۆ مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی نوێ، خاوەن مۆلیدەکانی کەرکوک مۆلیدەکانیان کوژاندەوە و گردبوونەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2.1.2025 ژمارەیەکی بەرچاو لە خاوەن مۆلیدەکان لە بەردەم قایمقامیەتی کەرکوک دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و سەرجەم مۆلیدەی گەڕەکەکانیان کوژاندەوە، کە ژمارەیان 963 مۆلیدەیە.

توانا قاسم خاوەن مۆلیدە بە 964ـی وت، تەنیا لە سەنتەری شاری کەرکوک 963 مۆلیدە هەیە، بەهۆی ئەوەی دوو مانگە گازمان پێنادرێت، تا ئەمڕۆ نرخی ئەمپێری مۆلیدەی مانگی رابردوو دیاریی نەكراوە، بۆیە سەرجەم مۆلیدەکانیان کوژاندەوە.

وتیشی، “کێشەی زۆرمان هەیە و کەڵەکە بووە، هەر مانگە و دوای دەخەن، پارێزگار و قایمقامیەت بەرنامەیەکی دیاریکراویان نییە بۆ ماوەی ساڵێک
هەندێک گەڕەک هەیە 260 بۆ 300 کاتژمێر کاری کردوە، دوو رۆژە بە خۆڕایی کاردەکەین، نە پارە دیاریی دەکرێت و نە گازمان پێ دەدرێت”.

ئەدهەم جومعە، كە خاوەن مۆلیدەیەكی دیكەیە و كەسایەتییەكی دیاری ناو سۆشیال میدیایە، بەهۆی ئەوەی زۆر قەڵەوە و قسەی خۆش دەكات، ئەویش هاتبووە گردبوونەوەكە و بە 964ـی وت، “رۆژانە 18 کاتژمێر مۆڵیدە کار پێدەکەین، پارێزگاری کەرکوک نرخی هەر کاتژمێرێک بە 44 دینار دیاریی کردووە، بەڵام قایمقام رازی نییە واژۆی بکات، بۆ ئەوەی ئێمە پارەی مۆلیدە کۆبکەینەوە و پارەی گاز و کارپێکەر و باج بدەین”.

پێشتر جارێكی دیكە لەسەر هەمان كێشە خاوەن مۆلیدەكان گردبوونەوە و ئەدهەم جومعە قسەیەكی خۆشی بۆ میدیاكان كرد، ئەمڕۆ هەمان قسەی كرد و بۆ 964 وتی، “بۆچی هەموو ساڵ قەشمەر بووین ئێمە”.

964 چەندین جار پەیوەندی بە قایمقامی کەرکوک کرد بۆ وەرگرتنی زانیاری، بەڵام سەرجەم پەیوەندییەكان بێ وەڵام بوون.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

گوندی سۆنەگۆلی لە سنووری كەركوک چوار رۆژە بێ ئاو و كارە...

گوندی سۆنەگۆلی لە سنووری كەركوک چوار رۆژە بێ ئاو و كارەبان